zhyr

شەقی ئاغاکان و گۆڕانی پاش گردەکە!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدوڵڵای مەلا نوری

هاوڵاتی

   بە تایبەت بۆ گەنجی کورد، بۆ ئەوەی لە مەترسی ژەهری بنەماڵە و شەڕ و خیانەت و شەقتێهەڵدانی ئامۆزا و براکان تێبگەن، باشترین سەرچاوە ئەوەیە، مێژووی میرنشینی بابان بخوێننەوە.

هەر حکومەت و حزبێک، تازە یان کۆن، بوو بە موڵکی کەس و بنەماڵەیەک، ئەگەر زەویتان بە ئاڵتون بۆ فەرش بکات، ئەستێرەتان بۆ دابگرێت، سەرئەنجامی هەر دروستبوونی خیانەت و ستەمکاری و ماڵوێرانییە بۆ کۆمەڵگە.

هێزی ئەمریکای زلهێز، لە کاری دامەزراوەییدایە، وەک چۆن لاوازی روسیای زلهێز لە چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکاندایە لە دەستی پۆتیندا.

کانت گوتویەتی: هەرکات هەموو کارەکان لە یەک کەسدا چڕ بوویەوە، ئیدی هەمو شتێک بەرەو پوچی دەچێت.

هیچ سەرکردە و کاریزمایەک ناتوانێ ببێتە بەدیلی کاری دامەزراوەیی، چوون هەمو کوڕێکی چاکی ئەمڕۆ چاوەڕوانکراوە سبەی ببێت بە دێوێک.

بڕیاری گۆڕانەکان بە ئاراستەی جێهێشتنی گردەکە و نیشتەجێبونیان لە بینایەکی دەرەوەی گردەکە، (یەکێکە) لە هەنگاوە هەرە دروستەکان و گرنگە هەنگاوی تریشی بەدوادابێت.

بەڵام کارەکە لە وێدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت، گەرەنتی ئەوەش بکرێت، ببڕای ببڕ دەرفەتی دروستبونەوەی بنەماڵە و سەرۆکی هەتا هەتایی تێدا نەڕەخسێتەوە.

لە ٥٠ کانی سەدەی رابردوو، لە فەرەنسا کۆمەڵێک خەڵکی سەرلێشێواو و نەزان، خۆپیشاندانیان دەکرد، جاک لاکان پێی وتن: بەڕێزان ئێوە ئاغایەکی نوێتان دەوێ، خەمتان نەبێ پەیدای دەکەن!

ئاغا گوزارشتە لەو کەسەی، کە بە چاوی کۆیلە و مەڕوماڵات تەماشای خوارەوەی خۆی دەکات. بە داخەوە کەم نین ئەو خەڵکانەی لەم سەردەمەدا وەک کۆیلە و مەڕوماڵات وان، هێشتا بە دوای ئاغایەکی شەقوەشێندا دەگەڕێن، تا کوێرانە چەپڵەی بۆ لێبدەن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار