هەڵبژاردن جۆن دیزاینکرا؟ بۆ بەشێکی کەمی دیزاینەکە تێکچوو؟

2 هەفتە لەمەوپێش



دڵشاد ئەنوەر

پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پشت پەردەوە مشتومڕێکی زۆر ڕوویدا لەسەر چۆنییەتی دیزاینکردنی هەڵبژاردن و چۆنیەتی دیاریکردنی کورسی لایەنەکان، بەڵام هەندێک هاوکێشە تا ڕادەیەکی کەم دیزاینەکەی تێکدا. دیزاینەکەش بە نێوەنگیری وڵاتانی ئیقلیمی کاری بۆ دەکرا.

بەپێی دیزاینەکە ٣٣ کورسی بۆ پارتی دانرابوو، بەڵام پارتی ڕازی نەبوو، هەندێک تەنازولاتی کردو ئاراستەی دیزاینەکەی گۆڕی بۆ ئەو ژمارەی ئێستا دەیبینین.

لە دیزاینەکەدا، ٢٥ بۆ ٢٧ کورسی بۆ یەکێتی دانرابوو، هەر بۆیە پێش هەڵبژاردن بەرپرسانی یەکێتی دەیانگوت ژمارەی کورسییەکانمان لەگەڵ پارتی زۆر جیاوازی نابێت، چونکە ٣٣ بۆ پارتی و ٢٧ بۆ یەکێتی دانرابوو.

یەکێتی ڕازیبوو بە ژمارەی کورسییەکانی کە لەناو دیزاینەکەدا پێیدرابوو، بەڵام ڕازی نەبوو چوار کورسی بدرێتە لاهور جەنگی بۆیە دواجار تەنازولی لە چەند کورسییەکی کەم کرد لە پێناو کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی لاهور. واتە پێداگیری یەکێتی ژمارەی کورسییەکانی لاهور جەنگی لە چوار کورسییەوە هێنایە دوو کورسی و ژمارەی کورسییەکانی خۆشی کەمکردەوە.

هەروەها ١١ بۆ ١٢ کورسی بۆ نەوەی نوێ دانرابوو، بەڵام گۆڕانی دیزاین و هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی ئەم هێزە بوو، ژمارەی کورسییەکانی زیادکرا.

بۆ هێزە ئیسلامییەکانیش ١١ کورسی دانرابوو، تەقریبەن هەمان کورسی کەمێک کەمترییان هێنا.

بۆ گۆڕان یەک کورسی و بۆ ڕەوتی هەڵوێستیش چەند کورسییەک دانرابوو، پلانەکە وەکئەوەی دانرابوو تێپەڕی.

هەڵبژاردن تێپەڕی، ئێستا کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست و ڕەنگە گۆڕانیش تاوتوێی نەچوونە پەرلەمان بکەن، گەر نەچنە پەرلەمان زۆر شتی تر دێتە پێشەوە، بەتایبەت ئەمان نەچنە پەرلەمان هێزەکانی تریش دووچاری ئیحراج بوون دەکەن، بەوەی ئەمان تەزویریان ڕەتکردووەتەوەو ئەوان بە چوونیان بۆ پەرلەمان شەرعیەت دەدەن بە تەزویرو دیزاینەکە.

خۆ گەر هەموویان پێکەوە نەچنە پەرلەمان، گەر پەرلەمان و حکومەتیش پێکبهێنرێ، دەبێتە حکومەت و پەرلەمانێکی دوو ڕەنگ، فرەیی لەدەست دەدات و مایەی ئیحراجییەکی گەورە دەبێت بۆ بەشدار بووەکانی، دەبێتە حکومەت و پەرلەمانێکی پڕ لە ئۆکەی و بێ ناڕازی.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆ یەکێتی و پارتی بە دۆخەکە ڕازین؟
پارتی ڕازییە چونکە وەکو هێزی یەکەم مایەوەو ژمارەی دەنگەکانیشی زیادی کرد، لەو ترسەش قوتاری بوو کە دیزاین تەواو لاوازی بکات، واتە پارتی لەمەدا ئامانجی خۆی پێکا، بەڵام پارتی لەوەدا ئامانجی نەپێکا ببێتە کوتلەی گەورەو بێ حسابکردن بۆ ئەوانیتر حکومەت پێکبهێنێت.

یەکێتیش ڕازییە، چونکە سەرجەم ئامانجەکانی بەدەستهێنا، بەرەی گەل کەوت، دەنگ و کورسی زیاتری هێنا، پارتی بەتەنها حکومەتی بۆ دروست ناکرێت و پێویستی بە یەکێتییە، یەکێتیش دەتوانێت مەرجەکانی بسەپێنێت و بەهێزتر لە جاران بڕواتە حکومەتەوە..

تێبینی: هەمووی زانیارییە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار