نرخی زێر گۆڕانكاری بەسەردا هات
5 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا
- نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار
رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی، نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا و له 2790 دۆلاروه دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ 2744 دۆلار و رۆژی هەینیش زیاتر دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا له مانگی رابردوو تەنیا 12 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە، ئەوەش کەمترین ئاستی دروستبوونی هەلیکاری مانگانەیە لە ئەمریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2020 بەدواوە.
سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆربەی بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا بکەن.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەوە بووەتە هۆکار، دابەزینی نرخی زێڕ سنوورداربێت و هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، سەرەڕای دابەزینی گەورەی دوو رۆژی رابردوو.
%100ی بازرگانان پێیانوایە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار دەدات سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25%ی دیکە دابەزێنێت.
دابەزینی زیاتری سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.