وەزیری رۆشنبیری: دەبێت رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ بۆشایی یاسایی له ژینگه‌ی میدیایی هه‌رێم بدۆزینەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
- لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبه‌ت به رێكخستنی ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا نییه.
- ده‌مانه‌وێت ئازادى ڕاده‌ربڕین چه‌سپاوتر بكەین و ئازادی و شكۆی مرۆڤ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا نه‌شكێنرێت.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی له ژینگه‌ی میدیایی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به گفتوگۆیه‌كی زانستی و پیشه‌یی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه.
وه‌زیری رۆشنبیری ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه له دیداری "سۆشیال میدیا، پانتایییەك لە روانگەی یاساییەوە" لە هەولێر، ڕایگه‌یاند، له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوه‌كاندا به‌هۆی ناسراوی ئای پی مۆبایله‌كان و كۆمپیوته‌ره‌كان و هه‌روه‌ها تۆماركردنی خاوه‌ندارێتی سیم‌كارت و هێله‌كانی ئینته‌رنێته‌وه به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناتوانن له‌ژێر ناوی وه‌همی و ساخته‌دا ناسنامه‌ی خۆیان بشارنه‌وه و تاوان به‌رامبه‌ر به مافی تاك و گشتی بكه‌ن، به‌ڵام هیچكام له‌م رێكارانه له وڵاتی ئێمه‌دا به‌رده‌ست نین، ئه‌مه‌ش كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له هه‌رێمی كوردستان یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره (35)ی ساڵی 2007 هه‌یه و به‌ركاره، به‌ڵام تایبه‌ته به چاپه‌مه‌نی و له پاڵ ئه‌ویشدا یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی له هه‌ندێك دۆسیه‌ی یاسایی په‌یوه‌ست به بڵاوكردنه‌وه له سۆسیال میدیادا كاری پێده‌كرێت و به‌شێكی زۆری دۆسیه‌كانیش به پتشبه‌ستن به ده‌قه‌كانی یاسای ژماره‌ی (111)ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 كێشه‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه كه یاسای تایبه‌ت به رێكخستنی ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا نییه.
وتيشى: بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی له ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا پێویستمان به گفتوگۆیه‌كی زانستی و پیشه‌یی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه، ده‌مانه‌وێت بگه‌ینه ئه‌نجامێك كه هه‌م ئازادى ڕاده‌ربڕین چه‌سپاوتر بكات و هه‌میش ژینگه میدیایه‌كه به‌جۆرێك رێكبخاته‌وه كه ئازادی و شكۆی مرۆڤ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا نه‌شكێنرێت.