هاوکێشەی سوریا و مەترسییەکانی سەر کورد

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

زاگرۆس هیوا


ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت، بەشێکە لە شەڕی سێهەمی جیهانی کە لە زۆر دەڤەری دونیا بەڕێوە دەچێت. واتە، لەم هاوکێشەی سوریادا هەم هێزە نێودەوڵەتییەکان بەشدارن و هەم هێزە هەرێمییەکان. کە باسی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، دەتوانین ئاماژە بە دەوری ئەمریکا و روسیا بکەین لەم هاوکێشەیەدا. ئەمریکا و ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە سوریا و لە ئۆکرایندا لە ناو ناکۆکی و ململانێدان. ئەوەی ئەمریکا لە سوریا پلانی بۆ داڕشتبوو بە دەستێوەردانی ڕوسیا و ئێران تا ڕادەیەکی زۆر ئاستەنگی بۆ دروست کرا. دەستێوەردانی ڕوسیا و ئێران وایکرد کە دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دەرچوو. هەر بۆیە ئەمریکا دۆسیەی سوریای بۆ ماوەیەکی کاتی سڕ‌ کرد و تەنیا بە گفتوگۆکانی جنێڤ و بڕیاری ٢٢٥٤ بەسەندەی دەکرد. بەڵام دەرکەوتنی شەڕی غەززە و دواتر لوبنان ئەو راستییەی نیشاندا کە ئەمریکا بە ئامادەکارییەکی باشترەوە دەستێوەردانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستپێدەکات. تایبەتمەندی ئەم دەستێوەردانە نوێیە هێدی هێدی دیار دەبێت. ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستێوەردان ناکات، بەڵکۆ زیاتر هێزی ئیسراییل بەکار دەهێنێت و لەمەدا هەموو پشتیوانییەکی سیاسی و ئابووری و سەربازی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات. بە پشتیوانی ئەمریکا ئیسرائیل توانی تا ڕادەیەکی زۆر حەماس و حزب اللە کە ئەو وەکو باڵی ئێران ناوزەدیان دەکات لاواز بکات. ئێستا سەرە هاتۆتە سەر سوریا. چۆنکە سوریاش پێگەیەکی گرنگە بۆ ئێران. وا دیار دەبێت کە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا پلانێکی وەهایان داڕشتووە کە ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پیگەکانی ئێران لە سوریا بکاتە ئامانج و بەرەی نۆسرەش کە ئێستا ناوەکەی خۆی بۆ هیات تحریر شام گۆڕیوە وەک هێزێکی سەر ئەرد بە کار بهێنرێت. هەروەک دەزانین بەرەی نۆسرە و هیات تحریر شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندان. ئەمریکا و بەریتانیا لە مێژە کار دەکەن  بۆ ئەوەی کە هیات تحریر شام لەغاو بکەن،  لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەریبخەن و ماکیاژی بکەن و وەک هێزێکی ڕەوا لە هاوکێشەی سوریادا بەکاری بهێنین. لەم بوارەدا زۆر هەنگاویان نا. بەتایبەت لە بواری راگەیاندندا زۆر هەوڵیان دا کە سیمایەکی سەردەمیانە  بە هیات تحریر شام ببەخشن. چەند رۆژنامەوانی بەناو و دەنگیان لە زۆر ئاژانسی هەواڵی بەناو بانگەوە ناردە لای محمد جۆلانی و دیمانەیان لە گەڵ ئەنجامدا. تەنانەت وایان کرد کە جۆلانی شێوازی جل لە بەر کردنەکەشی بگۆڕێت و  جلە سەربازیەکانی بگۆرێت بۆ تاقم و بۆینباخ.

 بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لۆبنان، هەر زوو دەستێوەردان لە سوریا کەوتە رۆژەڤەوە و هیات تحریر شام جۆڵەی پێکرا. شاری حەلەب کە بە درێژایی شەڕی ناوخۆیی سوریا نەتوانرا داگیر بکرێ لە ماوەی سێ رۆژدا بە تەواوی داگیرکرا. پێویستە بزانین ئەو هێزانەی کە حەلەب و حەمایان دەپاراست  حزب اللە و ئێران و ڕوسیا بوون و هێزی سوپای سوریا ئەو هێزەی نەبوو کە ئەم شوێنانە بپارێزێت. بەڵام لە دوو بواردا دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەر داهات. یەکەم حزب اللە و ئێران هەم لە لوبنان و هەم لە سوریا لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل زۆر گورزیان بەرکەوت و توانای جارانیان نەما. وادیارە کە ڕوسیاش‌لە سەر مەسەلەی ئۆکراین لە رێککەوتنێک دەگەڕێت لە گەڵ ئەمریکا. ڕەنگە ئەمریکا ئەم پێشنیارەی بۆ دەسەڵاتدارانی ڕوسیا کردبێت و ئەوانیش پەسەندیان کردبێت: سوریا بۆ من بەجێ بهێڵە، ئەوەی لە ئۆکرانیا داگیرت کردووە با لە لات بمێنێتەوە و لە گەڵ زێلێنسکی لەسەر ئەم بنەمایە ئاگربەست و ئاشتی بکە". کاتێک کە سەیری لێدوانەکانی زێلێنسکی لەم رۆژانەی دواییدا دەکەین، گریمانەی رێککەوتنێکی وەها بەدی دەکرێت. ئەویش‌ ئێدی باسی گرتنەوەی هەرێمە داگیرکراوەکانی ئۆکراین ناکات، باسی ئاشتی دەکات بە چاودێری ناتۆ. ڕەنگە بەر لە هاتنی ترامپ بیانەوەێت مەسەلەی سوریا و ئۆکراین یەکلایی بکەنەوە و ئێدی زیاتر تەرکیز لەسەر بەرەنگاربوونەوەی چین بکەن.

 لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، پۆتین هێزەکانی لە بەرەکانی جەنگ لە گەڵ تحریر شام پاشەکشە پێکرد. بە پاشەکشەی ڕوسیا هێزی سوریاش پاشەکشەی کرد. چۆنکە ئەگەر چەتری پاراستنی ڕوسیا نەبێت، سوپای سوریا توانای بەرگریکردنی لە بەرەکانی شەڕ‌دا نییە. دیارە هێزەکانی ئێران شەڕیان کرد،زۆر فەرماندەیان لێ کوژرا،  بەڵام هێزیان تێری شکاندنی هێرشەکانی هیات تحریر شامی نەکرد. ئیسرائیل و ئەمریکا لە لوبنانەوە بگرە تا البوکەمالی سوریا هەموو پێگەکانی ئێران و حزب اللەیان پێکا و زۆربەی ڕێگاکانی گواستنەوەی هێز و چەک و تەقەمەنییان پچڕاند.  ئەوەی لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، هیات تحریر شام تاکتیک و تەکنیکی شەڕی ئۆکرانیا بەکار دەهێنیت. ئەو تاکتیک و تەکنیکانەی کە ناتۆ فێری هێزەکانی ئۆکراینی کردووە، هێزەکانی هیات تحریر شامیش لەسەری پەروەردە و راهێنانیان پێکراوە.

 

وادیارە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا ئەوەیە کە سوریا دابەشی سێ بەش بکەن. هەرێمێکی سوننە دروست بکەن و پەیوەندی ئێران لەگەڵ لوبنان ببڕدرێت.  هەرێمێکی بچووککراوی عەلەوی نشین بۆ بەشار ئەسەد بەجێ بهێڵن و کوردیش بکەنە ئامرازی سەودا و مامەڵە لەگەڵ تورکیا.

بێگومان مەترسی لە سەر کورد هەیە. لە کۆمەڵکوژی شاری مەرەش‌لە باکوری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ەوە تا ئێستا پلانێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ قەڵاچۆکردنی هەرێمی رۆژئاوای رووباری فورات لە کورد. لە تورکیا توانیویانە دیمۆگرافیا تا ڕادەیەکی زۆر بگۆڕن. شارەکانی وەک سەمسور(ئادیامان)، مەرعەش، مەلاتیا، ئۆرفا(ڕحا)، عەنتاب، سیواس کە هەموویان کورد بوون لە دوای کۆمەڵکوژی مەرعەشەوە کەوتنە بەر شاڵاوی گۆڕینی دیمۆگرافیا. زۆرینەی خەڵکەکەی یان روویان لە ئەوروپا کرد یان شارە گەورەکانی تورکیا. ئەوەش‌ کە مایەوە بەشێکیان  لە ناو ناسنامەی تورک-سوننە دا تواینوە و ئێستا خۆیان بە تورک دەزانن. بەشێکیشیان لە خۆڕاگریدان. یەکەم هێرش بۆ سەر پەکەکە و یەکەم شەهیدی پەکەکە لەم هەرێمانە بوو (عەنتاب-حەقی قەرار- ١٩٧٧) . پاش ٤٠ ساڵ قۆناخی دووەمی ئەم پلانە لە رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کرا. داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا دەسپێکی قۆناخی دووەم بوو. دەیانەوێت کە هەرێمی رۆژئاوای فورات لە سوریادا بە تەواوی لە کورد دابماڵن. هەربۆیە مەترسی داگیرکاری و  کۆمەڵکوژی و جینوساید لە سەر گەلەکەمان لە حەلەب و شەهبا و هەموو رۆژئاوای فورات هەیە.

دەتوانین لێرەدا بە کورتی باسی رۆڵی تورکیاش بکەین. لە ساڵی ٢٠١١دا هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمریکا و بەریتانیا بۆ داگیرکردنی سوریا رۆڵی سەرەکییان دا بە تورکیا. هەربۆیە تورکیا پەناگە و ڕێڕەوی سەرەکی بەرەی نۆسرە و داعش بوو بەرەو ناو خاکی سوریا.  ئەوروپا و ئەمریکاش چاوپۆشیان لەمە دەکرد. بەڵام تورکیا لە داگیرکردن و دابەشکردنی سوریا لە ڕێگەی داعشەوە سەرکەوتوو نەبوو. لێرەدا خۆڕاگری کورد دەوری سەرەکی بینی. ئەگەر لە تورکیا هێشتاش‌ خەڵک لە سەر دۆزی کۆبانێ دادگایی دەکرێن لەبەر ئەمەیە. وادیارە ئەمجارە هێزە نێودەوڵەتییەکان بە تورکیایان گوتووە:  "جاری پێشتر سەرکەوتوو نەبوویت لە جێبەجێکردنی پلانەکەماندا، بێ زەحمەت ئەمجارە لە کەنارێکەوە راوەستە، ئێمە چارەی سەری خۆمان دەکەین، بەڵام تۆش لە بیر ناکەین.  دوای ئەوەی کە تورکیا هەستی بەوە کرد کە لە دۆسیەی سوریادا ناتوانێت ببێتە بەکرێگیراوی سەرەکی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل، هەستی بەو مەترسییە کرد کە کورد لە سوریادا شتێکی دەست بکەوێت. هەربۆیە دەستیان کرد بە نیقاش چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی لە باکور و ئامادەکاری داگیرکارییەکی نوێ بۆ سەر رۆژئاوا.

ئەگەر بەشێوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٨ش نەبێت، تورکیا هەر لەناو گەمەکەدایە. هەموو ئەو هاوکارییانەی کە ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل پێشکەشی هیات تحریر شامی دەکەن، هەموو لە ڕێگەی تورکیاوە دەگوازرێنەوە. تورکیا ئێستا دەستی بە هێرش کردووە بۆ کۆمەڵکوژی کورد لە شەهبا و تل رەفعەت. ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن و بەرفراوانتریش دەبنەوە.

بەکورتی، ئەمە پلانێکی نێودەوڵەتی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیلە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئۆکرانیا،  دابەشکردنی سوریا، بڕینی دەستی ئێران لە سوریا و بەکار هێنانی کورد وەک کارتێکی سەودا و مامەڵە لە گەڵ تورکیا. لە بیرمان نەچێت، هیات تحریر شام لە رۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەر، رۆژی دامەزراندنی پەکەکە هێرشی کردە سەر حەلەب، لە هەمان رۆژدا کۆمەڵگەی کوردی بەریتانیا لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستی بەسەرداگیرا، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاش‌لە گەڵ پارتی بارزانی لە دانۆستاندندا بوو و باسی تاوانی ڕێکخراویان دەکرد،  قەیوومەکانی باکووریش هەر باسی مەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار