وەزارەتی كارەبای هەرێم: لە تواناماندا نییە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكەین
13 كاتژمێر لەمەوپێش
- زیادبوونی خواست بەشێوەیەکی بەرچاو، بووەتە هۆی کەمبوونی کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستان.
- هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لەبەر دەستیانە خستوویانەتەگەڕ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
- توانای وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا جێگیرە.
وەزارەتی کارەباى هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند هۆكارى كەمكردنەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە بۆ خواستی زۆر لە بەكارهێنانی.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند لە مانگی 11دا، لە هەرێمی کوردستان 16 کاتژمێر و 13 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە، بەپێی خواست لەوانەیە لە هەندێک ناوچە گەیشتبێتە 17 کاتژمێر."
وتيشى: لە کۆتاییەکانی مانگی 11 و سەرەتای مانگی 12 بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی سەرماوە بۆ هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کارەبا بووە بە دوو هێندە، بەو هۆیەوە کاتژمێری پێدانی کارەبا کەمیکردووە.
بە وتەی ئومێد ئەحمەد توانای وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا جێگیرە، هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لەبەر دەستیانە خستوویانەتەگەڕ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام زیادبوونی خواست بەشێوەیەکی بەرچاو، بووەتە هۆی کەمبوونی کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستان.
رونیشیكردەوە کاتێک پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە، راستەوخۆ کاتژمێرەکانی کارەبا زیاددەبێت و ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت، پێدانی کارەبای نیشتمانی دەگاتە نزیکەی 16 کاتژمێر.
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە، ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.