دەقی چاوپێکەوتنی کەناڵی "الحدث" لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
چاوپێکەوتن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی
یەک هەفتە لەمەوپێش
وەرگێڕانی: هاوڵاتی
پرسیار: بژاردەکانی ئێوە چین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد؟
وەڵام: هەلومەرجێکی نوێ لە سوریادا هەیە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بارودۆخێکی نوێی سیاسی و سەربازی لە ئارادایە، تەنانەت گۆڕانکاری بەسەر هێزە نێودەوڵەتییەکانیشدا هاتووە، ئێمە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانماندا دەکەین، دۆخی دیمەشقیش هەڵدەسەنگێنین بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بە دۆخی سوریتا هەڵسەنگاندن دەکەین و هەوڵدەدەین بچینە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە لەگەڵیاندا.
پرسیار: جەنڕاڵ لە دوای کشانەوەی سوپای سوریا لە هەندێ ناوچە، سوپای سوریای دیموکرات چوونە ناوی، ئایا داواتان لێکرا یان خۆتان بڕیارتان دا؟
وەڵام: زەرورەت وای لێکردین ئەو بڕیارە بدەین لە حەلەب، هەوڵی پاراستنی گەلەکەماندا و ڕێڕەوێکیشمان کردەوە بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی "شەهبا". لە ناوچەکانی تریش سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، ئێمە چووینە ڕۆژئاوای فورات تا دۆخەکە ڕوون ببێتەوە، وا ئێستاش لەو ناوچانە دەکشێینەوە.
پرسیار: بیستوومانە ڕەزامەندن لەسەر دانوستان لەگەڵ دەستەی "تحریر شام" و ئەو هێزانەی ئێستا لە ناوخۆی سوریادا هەن، ئەولەوییەت بۆ هێدزەکانی سوریای دیموکرات دانوستانە لەگەڵ ئەوان یان تورکیا؟
وەڵام: لە ڕاستیدا ئێستا دەستەی "تحریر شام" لە دیمەشقە، ئەو هێزە ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبات. دوای گۆڕینی ڕژێمی دەسەڵات. ئێمەش ئامادەین بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵیان، تەنانەت بۆ وەرگرتنی کەسوکارمان لە شەهبا پێویستمان بە پەیوەندیە، ئەوەش لە ڕێگەی هاوڕێ ئەمریکییەکانمانەوە. سەبارەت بە ستراتیژییەتەکانی تریش، بە دڵنیاییەوە ئێمە ئامادەین وتوێژ لەگەڵ دەستەی تەحریر شام بکەین، سەبارەت بە تورکیاش ئەویش پرسێکی گرنگە، ئەوان لە باکورەوە دراوسێمانن و تێکەڵاوبوون لەگەڵ پرسی سوریا، بەو پێیەش بە شیوەیەکی نوێ هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخە تازەکە دەکەین بە هەڵسەنگاندنێکی نوێوە.
پرسیار: جەنڕاڵ تۆ دەڵێیت لە ڕێی هاوڕێ ئەمریکییەکانمانەوە پەیوەندی لەگەڵ تەحریر شام دەکەین، بەو پێیەش کەواتە کەناڵی دیبلۆماسی لە نێوان دەستەی تەحریر شام و ئەمریکییەکان کراوەیە؟
وەڵام: بە بڕوای من پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و دەستەی تەحریر شام هەیە.
پرسیار: جەنڕاڵ هیچ پەیوەندییەکاتان لەگەڵ تورکیا هەیە سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا؟ کۆتاجار کەی پەیوەندیتان بەیەکەوە کردووە؟
وەڵام: لە پێشتردا لەگەڵ تورکیاش پەیوەندیمان هەبووە، لە ئێستاشدا لە ڕێی هاوڕێ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندیمان هەیە بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر و بارودۆخی ئەمنی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێی هاوڕێ ئەمریکییەکانەوە.
پرسیار: ئەو مەترسیانە چین کە ئێوە هەستی پێدەکەن، بە تایبەت ئێوە تۆمەتبار دەکرێن بە بوونی هەماهەنگی لەگەڵ ڕژێمی هەڵهاتوو لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟
وەڵام: لە ڕاستیدا ئەو پرسە دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو هێزەی زۆرترین ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەسەد هەبووە کورد بوو. کورد تەنیا دووژمنی ڕژێمی ئەسەد بووە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، جار جار لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندی هەبووە ئەوەش تاوان نییە، بە تایبەت لە کاتی ئاگربەستەکان. بەڵام دەبێت هەموو کەسێک بزانێت لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەموو هێزە سورییەکان نکوڵییان لە ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە و هەرگیز دانیان پێدا نەناوە.
پرسیار: وەک چۆن هێزە سورییەکان هاتنی میلیشیاکانیان بۆ سوریا ڕەتکردەوە، لە هەمان کاتدا هاتنی هێزیش لە چیای "قەندیل"ەوە ڕەت دەکەنەوە، دەشڵێن ئەوە دەستووردانە، ئێوە تا چ ئاستێک ئامادەن بۆ دەستبەرداربوون لە پەکەکە لە دەسەڵاتی نوێی سوریادا؟
وەڵام: ڕاستە کوردێکی زۆر هەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە تورکیا و لە عێراق، کاتێک شەڕی داعش دروستبوو بەتایبەت لە شەڕ و پێکدادانەکان لە کۆبانێ هاتنە ناوچەکە بۆ بەشداریکردن، لەو شەڕەدا هەزارانیان لێ شەهید بوون، ژمارەیەکیشیان گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، بەشێکیشیان ناتوانن بگەڕێنەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر کێشەی ئەمنی لە ناوچەکانیان چارەسەر بکرێت ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئێمە هێزێکی سورین، پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ دیمەشق دەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق دەدەین. سوپاسی ئەوانەش دەکەین کە هاتوون بۆ هاوکاریکردنمان، لە کاتێکدا ئەوان هیچ مەبەستێکیان بۆ مانەوە و دەسەڵات لە سوریادا نییە و هەوڵی چارەسەرکردنی کۆی ئەو کێشانە لە ڕێی وتووێژەوە دەدەین.
پرسیار: ئەو ڕێگەچارە پەسەندکراوە چییە بۆ دەرچوون لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوونەتەوە لە دێرەزوور و ڕەقە؟
وەڵام: بەڵێ ڕاستە چەند کێشەیەک لە دێرەزوور و ڕەقە هەیە، بە بڕوای من ئەو کێشانە لە ڕێی وتووێژەوە چارەسەر دەکرێن. ئەوەش لە ڕێگەی ئەوەوە کە هاوڵاتیان خۆیان لەو ناوچانە ئیدارەی خۆیان بەڕێوەببەن لە هەریەک لە دێرەزوور و ڕەقە. هەنگاویش لەو ڕووەوە نراوە، لەسەر ئەو ئاڕاستەیەش بەردەوام دەبین، کۆی ئەو ناوچانەش لە دێروزوور و ڕەقە بەشێکن لە سوریا و ئێمە دەزانین ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێداین و دەشبێت کۆی ئەو ناوچانە نوێنەرایەتیان لە سوریادا هەبێت. بەو واتایەی کۆی پێکهاتەکان دەبێت لە ڕێی وتووێژەوە نوێنەرایەتییان لە سوریادا هەبێت.
پرسیار: جەنڕاڵ بەو پێیەی هەمووان دەزانن ئێوە ستەمتان لێکراوە لە لایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە و چەندین ساڵ ناڵاندوتانە، دەکرێت ڕێگە بە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بدرێت لە ڕێی ڕاپرسییەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەقە، بەو پێیەی ئەو دوو شارە تەواو شاری عەرەبیین؟
وەڵام: چوونی ئێمە بۆ ئەو ناوچانە بۆ شەڕکردن بوول ە دژی داعش، کورد و عەرەبیش شان بەشانی یەکتر شەڕیان دەکرد و هەموو کارێکی پێویستیش دەکەین بۆ ئەوەی خەڵکەکە خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان لە سوریا بکەن.
پرسیار: جەنڕاڵ کشانەوە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵکردنی ئێوەدابوون لە دێرەزوور، ئایا ئەوە نیازپاکی ئێوەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سوریا؟
وەڵام: دەتوانین وا بڵێین، بڕوای تەواومان بەوەیە وتووێژ بکەین، ئێمە کە چووینە ئەو ناوچانە بەڕاستی مەترسی گەورە هەبوو، بە تایبەت لە ناوچەی "بادییە" کە شانەی نووستووی داعشیان لێ بوو، هەر بۆیە چووینە ئەو ناوچانە، لەو بارەیەشەوە پەیوەندی بە دەستەی تەحریر شامەوە کراوە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن هەبووە، هەربۆیە بڕیاری کشانەوەمان لەو ناوچانە دا.
پرسیار: جەنڕاڵ ئەی لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوراتەوە، ئایا ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ هەیە؟
وەڵام: لەم ماوەیەدا بڕوام نییە ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات، بە پێی ئەو پەیامانەی پێمان دەگات تا ئێستا ئەو ناوچانەی هاوپەیمانی نێودەڵەتی و "هەسەدە"یان لێیە، ناکرێنە ئامانج. هەربۆیە لە ئێستادا مەترسی لەوجۆرەمان نییە و هەوڵی پەیوەندیش لەگەڵ لایەنی بەرانبەر دەدەین.
پرسیار: چاوەڕوانی چ جۆرە چارەسەرێک لە سوریا دەکەن و پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چی دەبێت؟
وەڵام: لە ڕاستیدا کێشەی سوریا ماوەی (١٣) ساڵە بەردەوامە، ئاڵۆزی زۆری تێدایە بە نیسبەت ئێمەوە کە نوێنەرایەتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین. پێمانوایە هۆکاری سەرەکی بۆ نەگەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی بە دوورگرتنی نوێنەرانی ئەو ناوچانەیە لە وتووێژەکان لە لایەن تورکیاوە. ئێمە ئێستا کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی (حەسەکە) و (ڕەقە) و (دێرەزوور) ببنە بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی.
پرسیار: جەنڕاڵ هەردەم دەبیستین کە دیدار و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد پێشتر کراوە، ئایا تۆ چ بەرپرسێکی باڵای سوریات بینیوە؟ بەشار ئەسەدت بینیوە؟ "عەلی مەملوک" و "حسام لوقە" و ئەوانەت بینیوە؟
وەڵام: دەتوانم بڵێم لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی لەو ناوچانە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دەتوانم بڵێم کە دووجار بەشار ئەسەدم دیوە، بەڵام نەگەیشتینە هیچ چارەسەرێکی سیاسی.