دەقی گفتوگۆی موراد قەرەیڵان لەگەڵ "ستێرگ تیڤی"دا
موراد قەرەیڵان؛ پەیامێک ئاڕاستەی یەنەکە و پەدەکە و پەیەدە دەکات.
3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان لەمیانی بەشدارییکردنییەوە لە "بەرنامەیەکی تایبەت"ی ستێرک تیڤییدا، وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە و باسی ئەو هەلومەرج و پێشهاتانە دەکات کە بەسەر ناوچەکەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، هاوکات پەیامێک ئاڕاستەی یەنەکە و پەدەکە و پەیەدە دەکات.
پرسیار: لە ٢٢ـی تشرینی یەکەم باخچەلی بانگەوازی کرد. دواتر لە ٢٣ـی تشرینی یەکەم عومەر ئۆجالان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کرد. ڕێبەر ئاپۆ لەو چاوپێکەوتنەدا گوتی ‘گۆشەگیری بەردەوامە’ و پێشهاتەکانی دواتر ئەوەی پشتڕاستکردەوە. پەیوەست بەمەوە چی دەڵێن؟
وەڵام: پێش هەموو شتێک، ئەوەی دوای ٤٤ مانگ عومەر ئۆجالان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی کرد، کار و رووداوێکی باش بوو. پێشتر دەربارەی دۆخی ڕێبەرێتی هیچ زانیارییەک نەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەم چاوپێکەوتنەدا زانیارییمان لەبارەی ڕێبەر ئاپۆوە وەرگرت. بەڕاستی ئەمە شتێکی باش و بایەخدار بوو. بەڵام وەک ڕێبەر ئاپۆیش ئاماژەی پێدا، گۆشەرگیری بەردەوامە. هەرخۆی لەو کاتەوە ئەمە بەڕوونی دەبینرێت. نایاسایی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر ئیمراڵییدا هەر بەردەوامە.
عومەر ئۆجالان پێش چەند ڕۆژێک لە پەڕلەماندا قسەیکرد و هەندێک زانیاریی نوێی بڵاوکردەوە. ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ گوتوویەتی، ‘گەر زەمینەسازی و دەرفەت بڕەخسێندرێت، من دەتوانم ڕۆڵی خۆم بگێڕم’ و دەسنیشانیکرد ئەو دەرفەتانەی ڕێبەر ئاپۆ باسی کردووە دەرفەتی شەخسی نییە، پەیوەست بە خۆییەوە هیچی داوا نەکردووە، دەبێت زەمینە بڕەخسێندرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت. دەبێت هەنگاوی سیاسی بنێت و زەمینەسازی بکات، ڕێبەر ئاپۆیش بۆ چارەسەریی ڕۆڵ بگێڕێت و هەوڵدان بکات. یانی بەبێ ڕەخساندنی زەمیینە، چارەسەریی چۆن دەبێت؟ بێگومان نابێت.
لە ئێستادا هاوسەرۆکانی دەم پارتی بۆ ڕۆشتنە ئیمراڵی دواکارییان کردووە. وێڕای ئەوەی کاتێکی زۆریشی بەسەدا تێپەڕیووە، هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە. یانی کەشێک هەبووە وەک ئەوەی شاندێک یان بەرپرسانی دەم پارتی گەر بچنە دوورگەی ئیمراڵی و چاوپێکەوتن بکرێت، ئەوا ئیدی هەموو شتێک لە جێگەیی خۆی دەبێت و چارەسەری پێش دەکەوێت! درووستبوونی قەناعەت و خۆشباوەڕییەکی لەم شێوەیە ناڕاستە. بێگومان خواستی ڕۆشتنە ئیمراڵی شتێکی هەڵە نییە. بەڵام نزیکایەتی وەرگرتن لە بابەتەکە بەوەی ‘ئەگەر بچمە ئیمراڵی، پرسەکان چارەسەر دەبێت’ درووست نیە. بۆیە لەگەڵ خواستی چوونە ئیمراڵیشدا دەبێت مرۆڤ داوای ئەوەبکات دەبێت هەنگاو بنرێت. ئەوەی چارەسەری دەوێت دەبێت داوا بکەن کە دەوڵەت هەنگاو بنێت. لە ئێستاشدا دەوڵەت درێژە بە سیاسەتەکانی پێشووی دەدات. پێویست ناکات ئەو کارانەیان باسکەین، هەرخۆی ڕوونە. هێرەشەکانیان لە دژی هێزەکانمان بەردەوامە؛ سیاسەتی قەیوم بەردەوامە؛ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە. بە کورتییەکەی جەوهەری سیاسەتی دووژمنکارانە بەردەوامە و لە پراکتیکدایە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئەوکاتە لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، ڕێبەر ئاپۆ چۆن هەنگاوی چارەسەری بنێت؟ پێویستەکات دەوڵەت هەنگاو بنێت. بەڵام تا ئێستاش شتێک درووستنەبووە. تەنها ئەو بانگەوازییەی باخچەلی نەبێت؛ جگە لەوە هیچێکی تر نییە.
شتێکی دیکە هەیە کە لەم قۆناغەدا دەرکەوت: بۆ نموونە تا ئێستا ئەندامانی ئاکەپە و چەندین لایەنی دیکە دەیانگوت مەهەپە و دەوڵەت باخچەلی ڕێگرن لە پێش چارەسەریی پرسی کورددا. بەڵام لە ئێستادا دەرکەوت کە شتەکە وانییە. مەهەپە ئاستەنگییەکانی بەردەم چارەسەری نییە بەڵکو ئاکەپەیە کە بە زیهنییەتی فاشیست و نەژادپەرستییەوە دەجوڵێتەوە. تەیب ئەردۆغان چەند کوردێکی لە دەوری خۆی کۆکردەوەتەوە کە دووژمنی خەڵکەکەی خۆیانن، بە شێوەیەک کە لە مێژوودا نموونەی نەبووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دژی گەلی کورد دووژمنایەتی دەکات. لە ئێستادا ئەمە ڕوونبووەتەوە و دەرکەوتووە. دەبێت مرۆڤ بە گوێرەی ئەم ڕاستییە بجوڵێتەوە. بە تایبەت گەلەکەمان باش ئەم ڕاستییە ببێنێت؛ دەبێت هەموو چارەسەرییخوازێک تێبکۆشێت و دەبێت هەوڵبدەن بۆ لە باربردنی ئەم زهنیەتە نەژادپەرستی، فاشیزم و فشارە کە لەسەر بنەمای مردن ڕاوەستاوە. ئەمەش تێکۆشانی ئەوێت. خۆ ڕێبەر ئاپۆ ‘دارێکی سیحری لە دەستدا نیە’ کە بڵێت چارەسەری، ئیدی چارەسەری بێتە ئاراوە. یانی تا هەنگاونەنرێت، داواکاردن لە ڕێبەر ئاپۆ درووست نییە. ئەمە بەمانایی گوشارکردنە لە ڕێبەر ئاپۆ. بۆ ئەم مەسەلەیە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا نزیک ببێتەوە. پێش هەموو شتێک سەرەتا دەبێت دەسەڵاتداری ئاکەپەیش بۆ چارەسەریی هەنگاوبنێت. دەبێت ئەم خواستە دەرکەوێت.
دوای ٢٧ی تشرینی دووەمەوە پێشهاتی نوێ هاتنە ئاراوە کە لە چاوەڕوانی کەسدا نەبوو. هێزەکانی هەتەشە هێرشی چەند جێگەیەکییان کرد و لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا گەیشتنە شام (دیمەشق). دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ناچار بە دەستبەرداربوون کرا و دەسەڵاتداریی گۆڕدرا. پەیوەست بەم بابەتەوە چی دەڵێن؟
وەک ئاماژەت پێدا، ڕژێمی بەعس ڕووخا. کاتییان درووست هەڵنەسەنگاند؛ بە تایبەت لەم ١٣ ساڵەی ڕابردوودا چەندین دواکاری کرا؛ چەندین هەوڵدان ئەنجام دران، بەڵام ئەوان خۆیان لە گۆڕین و گۆڕانکاری گرتەوە و گوێیان بەو داواکارییانە نەدا. هەموو ویستییان درێژەدان بوو لەسەر سیاسەتێک لەسەر بنەمایی هەواڵگری و توندوتیژی. دواتر لەو ١٢ رۆژدا، بە هۆکاریی دادەپین و داڕزاندنی ناوخۆییەوە بەبێ ئەوەی شەڕێکی سەخت ڕووبدات هەڵوەشایەوە. گەر هەر لە سەرەتاوە، واتا لە ساڵی ٢٠١١ و ڕووداوەکانی ئەو کاتەوە گۆڕین و گۆڕانکاری دیموکراتیکییان ئەنجام دابایە، پرسەکانی کوردییان چارەسەر بکردایە، لە نێو وڵاتدا دیموکراتیکبوونیان پەرە پێدایە، بەم شێوەیەیی ئێستا نەدەبوو. بەلام ئەوان جەختییان لەسەر سیاسەتەکانی خۆیان کردەوە و گوێیان بە ڕاستییەکان نەدا، بۆیە بەم شێوەیە تێکشکان و داڕووخان. هەرچەندە ئاوا بە ئاسانی ڕووخا، بەڵام دەستوەردانیش لە دژی سووریا هەیە. هێزە نێونەتەوییەکانیش لە نێو ئەم بابەتەدان. ئاشکرا بوو کە ئەمریکا، ئیسرائیل، ئینگلتەرا و تورکیا بەشدارن لەم دەستوەردانانەدا.
لە ئێستادا ڕۆژەڤ سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی سووریایە. بە ئاشکرا دەبینرێت، لەم بابەتەدا لە نێوان ئەو هێزانەی لەم پلانڕێژییەدان ناکۆکی هەیە. هەریەکە و ئامانجێکی هەیە. مەسەلەن ئامانجی تورکیا جیاوازە؛ ئامانجی ئیسرائیل و لایەنەکانی دیکە جیاوازە. تورکیا دەیەوێت سووریا بە گوێرەی خواستەکانی خۆی دیزاین بکات. تا ئەم قۆناغەش وەک شۆڕشێکی سوونی-ئیسلامی هەڵیدەسەنگێنێت و وەک سەرکەوتنی خۆی تەماشای دەکات. لەم دواییەدا لە لێدوانەکانی ئەردۆغاندا کە لە ئەرزڕوم دای، دەرکەوت کە ئەردۆغان هەڵدانی ئاڵای تورکیا لە حەلەب وەک سەرکەوتن دەبینێت. بە کورتییەکەی تورکیا دەیەوێت هەموو شتەکانی بە گوێرەی خواستەکانی خۆی ڕێکبخات.
بۆ ئەوەش پێشتر کۆمەڵەیەک لە تورکیا کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دادەن، حکومەتێکی کاتییان دامەزراندبوو. لە نێو ٥-٦ ساڵی کۆتاییدا، ئەو حکومەتە هەیە؛ گوایە سەرۆکوەزیران و وەزیریشییان هەیە. لە ئێستادا لە دیلۆک و ئەستەنبوڵ دەژین. لە بنەمادا تورکیا دەیویست ئەم حکومەتە ئۆپۆزسیۆنە بباتە دیمەشق و دەسەڵات وەربگرێت. خواستی تورکیا ئەمە بوو. بەڵام وەک ئەوەی دەبینرێت هێزە درووستکەرەکانی ئەم یارییە، ئەو خواستەی تورکییان قبوڵ نەکرد. بژاردەکەیان ئەوەبوو دەرگا بە ڕووی سەرۆکی هەتەشە موحەمەد جۆلانییدا بکەنەوە. ڕوونبووەتەوە دەیانەوێت بە پێشەنگایەتی ئەو سوورییەکان کۆبکەنەوە و سەرلەنوێ دیزاینی بکەنەوە. تورکیایش ناچار بە قبوڵکردنی ئەمە بوو. لە بنەمادا خواستی دەسەڵاتداریی ئەکەپە ئەمە نییە. ئاکەپە لایەنگرەکانی خۆی ئامادە کردبوو، دەیویست ببنە دەسەڵاتدار. بەڵام هێز و بناغەیان نییە. ئەوەی خاوەنی هێزی بنەڕەتییە هەتەشەیە و سەرۆکی هەتەشەیە کە هەندێک پەیوەندی هەیە. دەیانەوێت خۆیان بگۆڕن و لەسەر ئەم بنەمایە ڕێگەیان بۆ کراوەتەوە.
لە ئێستادا دەوڵەتی تورک ناچاربووە ئەم ڕاستییە قبوڵ بکات، بەڵام ئەمجارە زۆر و سەپاندن لە محمەد جۆلانی دەکەن. ڕاستە دەوڵەتی تورک هاوکارییان دەکات، بەڵام هێشتا جیاواز لە گرووپەکانی گرێدراوی تورکیا ڕێکخستنی کرد. حکومەتی ئۆپزسیۆن و هێزەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سووریا، ئەوانەی بە ڕێکخستن کرد. هەم ناوی سوپای نەتەوەیی سووریایی لەم هێزانە ناو و هەمیش پەیوەستی کردن بە خۆیەوە. بێگومان پەیوەستبوونی سوپایەکی نەتەوەیی بە وڵاتێکی بیانیەیەوە شتێکە کە نابێت ڕووبدات. هەرخۆیی ئاکەپە پێچەوانەی زۆرینەیی قسەکانی خۆی دەکات. پەیوەست بە سوپای نەتەوەیی سوریا شتەکە بەم جۆرەیە. بە کورتی و پوختی دەسەڵاتداریی ئاکەپە دەیویست هێزە گرێدراوەکانی خۆیی بێنێتە سەر دەسەڵاتداری، کاتێک ئەمە نەهاتە ئاراوە، ئەم جارە بە سەپاندن بەسەر هەتەشەدا دەیکات. ئیبراهیم کاڵن و بەرپرسانی هەواڵگری قەتەر پێکەوە ڕۆشتنە ئەوێ؛ هەندێک جموجوڵیان کرد و پەیامی ‘ئێمە پێکەوەین’ دەدەن. لە ئێستادا دۆخەکە بەو جۆرە نییە.
باشە، ئەم دۆخەی ئێستا گوایە تاکەی دەتوانێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟ بەراستی تا چەند ڕێگە دەدەن بە پێشەنگایەتی محەمەد جۆلانی سووریا سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە؟ پەیوەست بەمەوە لە ئێستادا هیچ ناگوترێت. ئەمانە بابەتی گفتوگۆن و گەر پەیوەست بەمەوە کێشە دروستبێت، دیسان نیگەرانی و گریمانەی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیە هەی؟
مەترسی هەرە گەورە دەوڵەتی تورکە. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک خاوەنی ئامانجی جیاوازە. وەک ئەوەی باسمکرد، خواستییانە هەموو شتەکان بە گوێرەی خۆیان دیزاین بکەن. ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتییان ئەوەیە لەو سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەیە، کورد ستاتۆ و پێگەیەک بە دەستنەخات. لە ئێستادا کورد، عەرەب، ئاشووری پێکەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی سووریان بەدەستەوەیە. لە ئێستادا خواستی تورکیا لەناوبردنی ئەمەیە. بۆیە ئامانجی بنەڕەتییان ئەوەیە کورد لەوێ نەبێتە خاوەنی ستاتۆ. دەیانەوێت سووریایەکی ناوەندی دروست بێت و قورسایی دەخەنە سەر ئەوە. دەیانەوێت بە زهنیەتی عوسمانی نوێ، ئەم وڵاتە گرێدەن بە خۆیانەوە. یانی دەیانەوێت سووریا داگیرکەن و بیخەنە ژێر پاراستنی خۆیانەوە. ئەمەیان نەشاردووەتەوە. لە هەموو وتارەکانیاندا بە جۆرێک ئەمە دەردەبڕن.
ئایە هێزەکانی دیکە لەم پلانەدان، یان چەندە رێگە بەمە دەدەن؟ ئەمە جێگەی گفتوگۆیە. بێگومان وەک دەبیندرێت، هەموو شتێک بە گوێرەی خواستی تورکیا درووستنابێت. بەو شێوەیە ڕێگە بە هەموو شتێک نادرێت. لەبەرئەوەی ئەمەیان بۆ تورکیا پێش نەخستووە. ئەرێ؛ ڕۆڵی تورکیاش لەمەدا هەیە، بەڵام ئیرادەیەک هەیە. ئاخۆ ئەم ئیرادەیە تاچەند ڕێگە دەدات کە خواستەکانی تورکیا پێکبێن؟ لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەکی پلانەکە، درووستبوونی ئاسایشی ئیسرائیلە. یانی لەسەر بنەمایی هەڕەشەکردن لەسەر ئیسرائیل، پلانێک درووستکرا. بەڵام تورکیا دەیەوێت پرۆسەیەکی پێچەوانەی ئەوە پێشبخات. یانی پلانی سونی-ئیسالامی شکست خواردووە لە میسر، لە ئێستادا دەیانەوێت لە سووریادا ئەنجامی بدەن. ئەمەش لەگەڵ خۆییدا پەرە بە ئیسلامی سیاسی دەدات. هەرخۆی ئاماژەکانی ئەمە دەبینرێت. ئەمەش لەگەڵ خۆییدا مەترسی دێنێت. بۆیە گریمانەی شەڕ و تێکۆشان لەسەر سووریا هەیە.
بەڵام شتی ئاشکرا ئەوەیە، ئیدی لە سووریادا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە و ئەمەش تەنها بۆ سووریا نییە، لە بنەمادا بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە مانای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە. دەبێت ئەمە ببینرێت. وا دانراوە کە ئەم پلانە زۆرتر بەردەوام ببێت و لێرە بەدواوە، دەوڵەتی جیاواز دەبنە ئامانج. ناوی عێراق و هەندێک وڵاتی دیکە دەهێندرێت. واتە ئەم پلانە لەم چوارچێوەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوییندا بەردەوام دەبێت. بۆیە لە ناوچەکەدا گوزارشت لە قۆناغێکی نوێ دەکات؛ لەو چوارچێوەیەدا هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنرێت و ئامانجەکە لەسەر بنەمای دیزاینکردنی هەرێمەکەیە.
قۆناغەکەت هەڵسەنگاند. لەم قۆناغەدا کورد و بە تایبەت لایەنە کورییەکان پێویستە چی بکەن؟
وەک دەزانرێت لە پێشووشدا چەندین جار پلانی دیزانیکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتن، بەڵام گەلی کورد لەو پڕۆسانەدا بەشداری پێنەکرا. ئێستا لە نێو ئەم پلانی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارە کە جێگەی دەوڵەتی تورک نەبووە، بەڵام بەشێوەیەک هەندێک هێزیی پەیوەست کرد بە خۆیەوە و لەم پلانەدا جێگەی گرت. خواستی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کورد لەم پلانەدا جێگە نەگرێت. هاوشێوەیەیی ڕێککەوتنامەی لۆزان هەموو هەوڵێکی ئەوەیە بۆ ئەوەی جێگە نەدرێت بە کوردان. بە تایبەت نایەوێت ببێتە خاوەنی ستاتۆیەک. دەوڵەتی تورک چەندین جار قبوڵکردنی ستاتۆیی باشووری کوردستانی وەک هەڵەیەک هەڵسەنگاندووە. خودی ئەردۆغان دانی بەمەدا ناوە. لە ئێستاشدا هەمان هەڵە کە لە ڕاستییدا هەڵەیەک نییە، نایەوێت لە ڕۆژئاوا دووبارە بێتەوە. بێگومان بە گشتی دەیانەوێت ئەم سیاسەتە بەڕێوەبەرن. لە کاتێکی لەم شێوەیەدا کە هەرێمەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، ئەو شتەیی کە بۆ کورد پێویستییە ‘ستراتیژی هاوبەشە’. کاتێک ئێمە ئەمە دیاری دەکەین، ناڵێین دەبێت ئیلا پێکەوەبن و هەمان بیرکردەنەوە هەبێت. دەبێت ستراتیژێکی هاوبەشی کوردان هەبێت و هەموو رێکخستنێک بۆ سەرخستنی ئەو ستراتیژە ببێتە هاوکار. گەر ئەمە درووست نەبێت، هەرخۆی دەوڵەتی تورک وەک گەل کورد ناڕوانێت، وەک هۆز هەڵیاندەسەنگێنیت. بۆ نمونە سەرۆکەکانی باشوور وەک سەرۆک هۆز دەبینێت. بۆیە پاگەندەی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە کورد نەتەوە نییە. بەم شێوەیە هەڵیدەسەنگێنێت. بەڵێ دەڵێن، ‘کورد هەیە’ بەڵام دەڵێن بەشێکە لە تورک و شتێکی جیاواز نیین. لە ڕاستییدا ئەم شرۆڤەیەش ناکەن. دەیانەوێت خۆیان بکەن بە سەرەوەر و حاکم. بۆیە گەلی کورد لە دژی ئەم سیاسەتە کە دانیان پێدانانێت و نایەوێت گەلی کورد لەم پرۆسەیەدا جێگەی هەبێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت یەکگرتووبێت و بگەن بە ستراتیژێکی هاوبەش.
پەیوەست بەمەشەوە، لەم قۆناغە گرنگەدا لە هەموو کاربەدەستە سیاسییە کوردەکان و بە تایبەت لە پەدەکە، یەنەکە، پەیەدە هەموو سەرۆک و هاوسەرۆکانی پارتەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕۆشنبیر و لە هەر کەسێک کە خۆی بە بەرپرس دەبینێت داوا دەکەم: لەم قۆناغە مێژوویەدا دەبێت هەموو کەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێتەوە. نابێت هیچ کەسێک جەخت لە هەڵوێستی پێشووی خۆی بکاتەوە. با هیچ کەسێک لە پێش یەکبوونی پلاتفۆرمێک بە جیاوازییە فکری و ئایدۆلۆژییەکانییەوە نەبێتە ئاستەنگ. دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بە بنەما بگرێت، نەک بەرژەوەندی ڕێکخراوەیی. وەک ئەوەی گوتم گەر یەکێتییەکی ڕێک و پێکیش نییە، دەبێت دیالۆگ هەبێت؛ دەبێت نزیکایەتی هەبێت. بۆ نموونە لە ئێستادا لە ڕۆژئاوادا نابێت گەلی کورد بکەوێتە نێو خزمەتکرنەوە. گەلی کورد لەوێ لاواز نییە؛ دەرفەتییان بۆ ڕەخساوە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوێت دەبێت هەموو سیاسەتەمەدارێکی کورد پشتگیریی لە ڕۆژئاوا بکات. بۆ نمونە تا ئێستا دەروازەی سنوری سێمێلکا داخراوە. ئاخۆ ئەمە چۆن هەڵسەنگێندریت! نابێت شتی لەم جۆرە هەبێت. لەم قۆناغە گرنگەدا نابێت لە نێو کورداندا دابڕان هەبێت؛ مێژوو ئەوە دەخوازێت.
دەبێت هەمووان ئەوە بزانن؛ تا دەوڵەتی تورک کوردەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی و مافەکانیان قەبوڵ نەکات، لە ناوخۆدا کێشەی کورد چارەسەر نەکات، کوردەکانی پارچەکانی دیکەش هەرگیز نابنە دۆستی. لەبەرئەوە کام پارچە دەبێت گرنگ نیە، لە هەموو ئەو کوردانە دەترسن کە مافی خۆیان بەدەستهێناوە و بوونە خاوەنی ستاتۆ. لە ئێستادا ڕۆژئاوا وەک ترسێک لەسەر خۆیان دەبینن. بۆچی؟ لەبەرئەوەی وا بیردەکاتەوە کە ببێتە نموونەیەک و کوردان لە باکووریش ئامانجی ئەوەبکەن کە ئیلا ببنە خاوەنی ستاتۆ. بۆیە بە مەترسی دەبینێت. بۆیە دەوڵەتی تورک تاکو لە نێو خۆییدا پرسی کورد چارەسەر نەکات، ئەوا بە شێوەیەکی بەردەوام دووژمنایەتی کوردان دەکات. ڕەنگە وەک ئەوەی لە ئێستادا هەیە هەندێک پەیوەندی تاکتیکی دروستکردبێ، بەڵام وەک ستراتیژی دژبەریی دەکات. دەبێت هەمووان ئەمە ببینێت و بیزانێت کە دۆستایەتیکردنی دەوڵەتی تورک هیچ مانا و سوودێکی بۆ گەلی کورد نییە. دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت و بە گوێرەی ئەمە هەموو کەسێک سیاسەتی نەتەوەیی بە بنەما بگرێت. سوودی گەلەکەمان لەمەدایە. بۆئەمەش جارێکی دیکە داوا لە هەموو کەسێکی خۆ بەرپرسیارزان دەکەم هەڵوێست و نزیکایەتی خۆیان لەبەرچاو بگرن. دەبێت هەموو هەڵوێستە هەڵەکان لەم قۆناغەدا تێپەڕ بکرێت.
بە گشتی دەتوانم ئەمە دیاری بکەم، بەڵام لە لایەنی ڕۆژئاواوە ئەمە بووە بە پێویستی و حەتمییەتێک. دەبینین ماوەی چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی ڕۆژئاوا بە بەردەوامی باسی یەکێتی ناوخۆیی دەکەن. ئەمە بە درووست دەبینین و بە هەموو شێوەیەک لەگەڵییداین. دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوخۆییدا یەکێتی خۆی درووستبکات، ببێتە یەک دەنگ و بەم جۆرە بچێتە دیمەشق. پێویستە بەم جۆرە بێت. هەڵبەتە ڕۆژئاوای کوردستان هەر تەنها خۆی نییە؛ لەگەڵییدا خوشك-برایی عەرەب، سووریانی هەیە؛ دەبێت لەگەڵ ئەواندا ببێتە یەک دەنگ، بەم شێوەیە خۆیان بکەنە یەک هێز و ئیرادە. بەم شێوەیە دەنگییان بەهێزتر دەبێت. بۆیە ئەمە مەرجە بۆ ڕۆژئاوا.
لە ڕۆژئاوادا تا ئێستا هەندێک لایەنی کوردی کە بە خۆیان دەڵێن هاوپەیمانی (ئۆپۆزسیۆن) بوونیان هەیە. دەبێت لەگەل ئەم گرووپانەدا هیوای گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بەدەستهێنانی هەندێک شتیان هەبووبێت. لە بەرنامەی ئەم پێکهاتەوە و بەرهەمهێنەرەدا کە بەخۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن، زۆر باسی ماف بۆ کوردان ناکات. بەڵام هیشتا خواستێکی وەهای هەندێک لایەن هەبوو. بەڵام لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن خۆی کەوتووەتە بۆشاییەوە. لەبەرئەوەی هێزێکی ئەوتۆییان نییە؛ هەروەها هیچ کەسێک بە جدی وەریان ناگرێت. هەرخۆی لە ئێستادا لە دۆخێکدان کە ناوی خۆیان بگۆڕن. هەرخۆی تا ئێستا بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس بەخۆیان دەگوت ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لەمەو بەدوا چۆن دەڵێن ئۆپۆزسیۆن! پێویستە بزانرێت کە ئیدی هیچ خێر و چاکەیەک لەوێوە نایەت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەم دۆخەش درووستبووە، هیشتاش هەندێک بەرپرسی ئەنەکەسە وەک وتەبێژی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک قسەدەکەن. دەبێت ئەم زمانە تەرک بکرێت. بۆ مەگەر کارییان ئەوەیە وەک پارێزەر و وتەبێژی تورکیا قسەکەن! دەوڵەتی تورک وەک دەوڵەتێکی هەژمونخواز و فشارکەر دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات. تۆ پێش هەموو شتێک وەرە ناو باخچەکەی خۆت، یانی وەرە لای کورد. ئیدی بەسە خزمەتکردنی کەسانی جیاواز. ئیدی هەندێک کوردایەتییان هەبێت و خزمەتی خۆتان بکەن. ئەوەی درووستە ئەمەیە و لەو باوەڕەداین کە لە ڕۆژئاوا یەکێتی درووستببێت.
هەڵبەت دواتریش هەموو کوردستان پێویستی بە یەکێتی و یەکگرتووی هەیە. لەبەرئەوەی دەرکەوتووە ئەم قۆناغە تەنها لە سووریادا نامێنێت و بڵاودەبێتەوە. ڕەنگە سبەی لە عێراقیشدا هەندێک پێشهاتی نوێ بێتە ئاراوە. یانی یەکگرتوویی لەم قۆناغەدا پێویستییە. بێگومان ئەم یەکگرتوویەیی کە باسی دەکەم، بە خەیاڵکردن نیە، بەشێوەیەک هەمووان کۆببنەوە و بڵێن ‘دەبینە یەک’ یەکێتی نابێت. بە داخەوە دەرکەوتووە لە کوردستاندا ئاوا سوک و ئاسان درووست نابێت. بەڵام بە لایەنی کەمەوە با دیالۆگ هەبێت؛ ستراتیژێکی هاوبەش هەبێت. دەبێت هەمووان لەمڕوەوە بە بەرپرسیارانە نزیک ببنەوە و هەوڵدانیان هەبێت.