کۆبوونەوە لەسەر چی دەکەن کوردی خۆ خۆر!

محمد ڕەووف قوربانی

دوێنێ



محمد ڕەووف قوربانی

لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و ڕزگار بوونی خەڵکی سوریا لەو دەسەلاتە توندڕەوە چەوسێنەرە  تاکڕەوە، کە دژی" هەموو بنەما (ئەخلاقی و ئینسانی و دینییەکان بوو)؛ تاقمێکی لەوان فاشی تر و توندڕەو تر حوکمی کاتی سوریایان گرتووەتەدەست و زیاتر شەڕی بە وەکالەتی تورکیای فاشی دەکەن.

تورکیا بە ئاشکرا دەست لە پرسی سوریای ڕووخاو وەردەدات و نیازی بنیادنانەوەی سوریایەکی نوێی هەیە کە ژێردەستەی خۆی بێت و دەیەوێت دەوڵەتێکی بچوکی دانپێدانراوی شەرعی بۆ سوریا دروست بکرێت؛ بەڵام لەژێر هەژموون و فەرمانی تورک و جەندرمەدا بێت.

بە مانایەکی دیکە لە ئێستادا تورکیا، (هەمان سیاسەتی بەریتانیا دووبارە دەکاتەوە) وەک چۆن کاتی خۆی بەریتانیا، هەمان سینارۆی بەکارهێنا لە "هندستان و عێراقی سەردەمی پاشایەتی"دا. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە جگە لە تورکیا؛ زۆر وڵاتی گەورەتر ڕۆڵیان هەیە لەم گەمە پلانگێڕیی و ستراتیژییەدا و  هەر یەکەیان ئامانج و مەبەستی دور مەودای خۆیان هەیە. لەم دۆخەدا سوریا وەک کەلاکێکی بۆگەن وایە، گورگە بەهێز و چاوچنۆکەکانی دونیای سەرمایەداری هەموویان پێکەوە چاویان لە گۆشت و ئێسکەکانی بڕیوە و هەریەکەیان لە پێناو دەستکەوتی تایبەتی خۆیان و تاڵانکردنی نەوت و دەستگرتن بەسەر سنورە جوگرافیە گرنگەکەیدا بۆ چرکەیەکیش چاوی لێ غافڵ ناکەن.

بێگومان ڕۆڵی کورد لەم یارییەدا ڕۆڵێکی بەهێزیش نەبێت هێندە لاواز نییە کە لەناو هاوکێشەکاندا ڕەچاو نەکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی زلهێز بە تەواوی دانیان بە هێز و نفوس و خەبات و کۆڵنەدانی  ئەم گەلە زیندوو و خۆڕاگرەدا ناوە.  بۆیە دەبێت هەر تەوافقێکی سیاسی بێته ئاراوە (کورد بەشداری سەرەکی ڕێککەوتنەکان بێت) و بە دەستکەوتەوە لێی بێتە دەرەوە، نەک بە گیرفانی خاڵی و وەک تەماشا کارێک بڕوانێتە ئایندەی دۆزی گەلەکەی لە سوریای نوێ و ئەو گۆڕانکارییانە کە لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ئاراوە.

لە ئێستاشدا ئەوەی گرنگە ئەنجام بدرێت پاراستنی هاوسەنگی هێز و یەکێتی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردە لە سوریا و سەرجەم پارچەکانی دیکە. نابێت هیچ هێزێکی کوردی متمانە بە بەڵێنی بێ بنەما و درۆی تورک بکات. چونکە تورک سەرسەختترین دوژمنی کورد بووە بە درێژایی مێژوو. بۆیە نابێت کورد هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە و فریوی بەڵێنه درۆینەکانی ئەردۆغان بخوات، هەڵبەت ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئامادەی ڕێکەوتن و چارەسەری ئاشتیانە نەبن، چونکە پرسی ئاشتی خەسڵەتێکی لە مێژینەی گەلی کورد بووە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە نابێت سەرانی دەسەڵاتداری کورد بە تایبەت هێزەکانی باکور و ڕۆژئاوا، پێیان بکەوێتەوە سەر هەمان تەڵە و داوەکانی ڕابردوو. وەک ئەوەی (کەمال ئەتاتورک) کاتی خۆی  لە سەروبەندی پەیمانی لۆزاندا لەگەڵ حەسەن خەیریدا کردی و نەک هەر بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو زۆر دڕندانە بە ناوی برایەتی نێوان تورک و کوردەوە، دوای ئەوەی بە مەرامی خۆیان گەیشتن لە سێدارەیان دا.

بە بڕوای من ئەوەی پێویستە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی کورد ئەنجامی بدەن بریتییە لە:

یەکەم: دروستکردنی سنورێکی جوگرافی نوێ و دوستکردنی دەوڵەتی کوردی.  دواتر هەر داواکاری و مەرجێکی دیکەیان هەیە بیهێننە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ. چونکە بە بڕوای من حوکمی خۆبەڕێوبەری و  شەرعیەتدان بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی مۆدێرن سیاسەتێکی چەوتە و دەرس وەرنەگرتنه لە هەمان هەڵەی کوردانی باشوری کوردستان کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کورد باجی ئەو هەڵە مێژووییە دەدات.

دووەم: ئەرکی ئێمەی هاونیشتیمانی و هاوزمانان ئەوەیە: پاڵپشتیی مادی و مەعنەوی خوشک  و براکانمان بکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەی لەسەر سەرکردایەتی کوردە بە تایبەت ئەوەی لەسەر دەسەڵاتدارانی باشورە؛ ئەوەیە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ڕێگا بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک خۆش بکەن و پەیوەندی لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکەشدا ببەستن بە مەبەستی فراوانکردنی بازنەی هاوپشتییەکان، لەسەر ئاستی دەرەکییش فشار لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستبکەن و هەلومەرجی ئێستای ڕۆژئاوا ببەستنەوە بە دۆخی کوردبوونەوە و وەک کارتێکی فشار بۆ ڕزگاریی سەرتاسەری گەلی کورد بەکاری بهێنن.  

سێیەم: پێویستە سۆشیال میدیا پڕ بکەین، لە هاژتاگی پاڵپشتی و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی هاوزمان و هاو خەباتەکانمان لە ڕۆژئاوا. دەبوایە(نوسەران و ڕوناکبیران و دەستەبژێری سیاسی) تا ئێستا دەیان کۆبونەوەی گرنگ و چارەنوسساز و سیمیناریان ساز بکردایە لەسەر پرسی کوردانی ڕۆژئاوا و ئەزموونەکەیان، نەک وەک ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین و سیاسیەکانی باشور هەر یەکەیان لەژێر ناو و پاساوێکدا خۆیان دەگەیەننە تورکیا و کۆبوونەوە لەگەڵ دوژمن و داگیرکەرانی سەدان ساڵەی ئەم میللەتەدا دەکەن.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم؛ پێویستە لەسەر تاک بە تاکی ئێمە دژی داگیرکەران بووەستینەوە و بە هەموو هێز و توانامانەوە پشتیوانی لە خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێکی ناوخۆ و دەرەکی خوێن و خەباتی ڕۆژئاوا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار