وانەکانی ڕوداوەکانی نیپال

2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڵند دلێر شاوەیس
ڕوداوەکانی هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا کەم یان زۆر نزیک یان دوور کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاکانی تر دەبێت، گرنگە وانەیان لێوەربگیرێت.
ئاژاوە و توند و تیژییەکانی نیپال کۆمەڵە وانەیەکی گرنگمان پێدەبەخشێت، ناڕەزایەتی و لەدەست دەرچوونی دۆخی ئاسایشی نیپال هەڵچوونێکی کتوپڕ نەبوو، تەنها هەڵوێستێک نەبوو لەسەر داخستنی چەند پێگەیەکی سۆشیال میدیا، بەڵکو پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بوو بەرامبەر بە نادادی، گەندەڵی، قۆرخکاری و کەڵەکەبوونی گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێش سەدان ساڵ زانا و فەیلەسوفی مەزن ابن خلدون (١٣٣٢ - ١٤٠٦) باسی لێوەکردووە:
" ئەگەر گەندەڵی لە وڵاتدا تەشەنەی سەند، یەکەم قۆناغەکانی چاکسازی بریتییە لە ئاژاوە! ".
"إذا عم الفساد في الدولة فأن أولى مراحل الإصلاح هي الفوضى"
ناڕەزایەتی و ڕوداوەکانی نیپاڵ وانەیەکمان پێدەدات کە بە هۆش خۆماندا بێینەوە، بەرچاو ڕونیمان دەداتێ لەوەی گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەدەمەوەهاتنی خێرای دەوێت و پێویستە لە سەرەتاوە و لە کێشە بچوکەکانەوە چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی گەورە بن، بە کەڵەکەبونی گرفتەکان چارەسەر کردنی کێشەکان قورستر و زەحمەتتر و کاتی زیاتر دەبات و لە کۆتاییدا قوربانی و باجی زیاتری دەوێت.
بەهەند وەرنەگرتنی کێشە و گرفتەکان و گوێ نەدان بە داخوازی تاکەکانی کۆمەڵگا نائومێدی بڵاو دەکاتەوە و متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی ناهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە تا ئاستی ڕق.
مەرج نییە پەرچەکرداری جەماوەر لەبەرامبەر گرفتە گەورەکان خێرا و دەم ودەست بێت، کاتێک ناڕەزایەتییەکان پەنگ دەخواتەوە ڕەنگە ڕوداوێکی بچوک لە شوێنێکی لاچەپەک ببێتە بڵێسەی هەڵگیرسانی ئاژاوە و توندوتیژی و تەنانەت شۆڕش و گۆڕانکاری سیاسی گەورە، بۆ ئەمەش ئازاردانی هاوڵاتی تونس محەممەد بوعەزیزی و خۆ سوتاندنی و ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی دیارترین نموونەن.

