مەسعود پزیشکیان: ئێران هەرگیز پیلانی تیرۆرکردنی ترەمپى نەبووە
3 هەفتە لەمەوپێش
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە تاران ڕایگەیاند، ئێران هەرگیز پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای نەبووە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا.
پزیشکیان، لەو چاوپێکەوتنەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕی تۆڕەکەدا بڵاوکرایەوە، دەڵێت: ئەمە یەکێکە لەو پیلانانەی کە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە پلانیان هەیە بۆ پەرەپێدانی ترس لە ئێران بۆ تیرۆرکردنی هەر کەسێک، لانیکەم ئەوەندەی من بزانم.
لە 13-7-2024 لە کۆبوونەوەی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری باتلەری پێنسلڤانیا، لە دوورەوە تەقە لە ترەمپ کراو بەسووکی گوێچکەی برینداربوو.
لە مانگی نۆڤەمبەردا، ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا پەردەی لەسەر تۆمەتە تاوانکارییەکان لادا کە پەیوەندییان بە "پیلانێکی ئێرانییەوە" هەیە بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تۆمەتێکی تاوانکاری کە لە دادگای فیدراڵی لە مانهاتن لە نیویۆرک تۆمار کراوە، دەریخستووە کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ناوی نەهێنراوە، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بریکارێکی ڕاسپاردووە کە پلانێک بۆ چاودێریکردن و دواجار تیرۆرکردنی ترەمپ دابڕێژێت.
تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە کە ناوی نەهێنراون بڵاویکردەوە، لە پلانێکی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ و نەیارانی ئێرانی، سێ کەس تۆمەتبارکراون.
وەزارەتی دەرەوەى ئێران، لەوکاتەدا ڕایگەیاند "دووبارەکردنەوەى ئەو تۆمەته پیلانی ئیسرائیل و دوژمنانی ئێرانه بۆ ئاڵۆزکردنی پرسەکانی نێوان واشنتن و تاران.
ئەم لێدوانانەی مەسعوود پزشکیان لەبارەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئێران دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ترەمپ کە چاوەڕوان دەکرێت سزای قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.