حەماس بە ڕێککەوتنى ئاگربەست ڕازیبووە
3 هەفتە لەمەوپێش
میدیاکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، یان سبەی بەیانی، پێنجشەممە، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و لیستی ئەو زیندانی و دەستبەسەرکراوانەی ئیسرائیل و فەلەستینی کە ئازاد دەکرێن.
سی ئێن ئێن، لە زاری سەرچاوەیەکی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بەنیازە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گروپى یەکەمی بارمتەکان ئازاد بکات، ئەمەش پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ڕۆژی دووشەممەدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پێشبینی دەکات درەنگانی ئەمڕۆ، چوارشەممە، یان سبەی پێنجشەممە، ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت، یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت "زۆر نزیکین" لە ڕێککەوتنێک.
ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر وردەکارییەکان یەکلایی بکرێنەوە، پێدەچێت جێبەجێکردنی لە ڕۆژی یەکشەممە دەستپێبکات، بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن.
جگە لەوەش دوو سەرچاوەی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکانی دۆحە ڕایانگەیاند کە حەماس و جیهادی ئیسلامی بەو ڕێککەوتنە ڕازی بوون، سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە “حەماس و جیهادی ئیسلامی نێوەندگرانیان لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئاگادار کردەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایگەیاند “حەماس وەڵامی ئەرێنی بە ئیسرائیل لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە، وەڵامی ئەرێنی دایەوە، دوای ئەوەی لەسەر هەموو خاڵ و وردەکارییەکان ڕێککەوتن.
بەڵام بەرپرسێکی فەلەستینی کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە حەماس ڕەزامەندی زارەکیی بۆ ڕێککەوتنەکە داوە و چاوەڕێی زانیاری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ڕەزامەندی کۆتایی نووسراوی خۆی بدات.