دەم پارتی: بەمزووانە ئـ.ـۆجەلان داوایەکی مێژوویی دەکات
17 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین
ــ ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەى بەمزووانە داوایەکی مێژوویی بکات.
هاوسەرۆکی پارتی دەم تونچەر باکرهان لە پەرلەمانی تورکیادا، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئۆجەلان ئامادەکاری دەکات بۆ داوایەکی مێژوویی لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد.
ئەو وتیشى: ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی و ڕیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین و پشتگیری دەکەین."
عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15 ی مانگی دووی ساڵی 1999 دا لە کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە دوورگەیەک لە تورکیا لە زینداندایە، میدیاکانی تورکیا باسییان لەوە کردووە کە لەوانەیە ئۆجەلان لە 15 ی دووداو لە ساڵیادی دەستگیرکردنەکەیدا بەیاننامەکەی بڵاوبکاتەوە.
باکرهان ئاماژەی بەوە نەدا ئۆجەلان بە نیازە چی ڕابگەیەنێت، لێدوانەکانی پێشنیاری ئەوەیان کرد کە هەر داوایەک بۆ دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە پەیوەست دەبێت بەو هەنگاوانەوە کە تورکیا دەیانگرێتەبەر.
باکرهان وتی پارتی دەم کە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانە لە تورکیادا داوای لە حکومەت کردووە، ئەو زەمینەیە بەهێز بکات کە لەگەڵ ڕژدیی ئەم داوایەدا دەگونجێت و ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرێکی مێژوویدا بگێڕێت.
باکرهان بە پێویستی زانی ئەو دەرفەتە مێژوویییە لە دەست نەدرێت، هاوکات هۆشداری لەوەشدرا قسەکردن بە زمانێکی هەڕەشەئامێز و ژەهراوی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت و دەڵێت: "مادام ئۆجەلان ڕایگەیاندووە دەتوانێت دۆخەکە لە شەڕ و پێکدادانەوە بگۆڕێت بۆ زەمینەی یاسایی، پێویستە زمانی ئاخاوتنی دەسەڵاتدارانیش لەگەڵ ئەوە بگونجێت. ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات".