لەسەر پرسى مووچە ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم لە كۆبوونەوەدایە

یەک هەفتە لەمەوپێش
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی 2ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە:
1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.
2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.
3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.
4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە.
هەروەها لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.

