دەقی وەڵامی قەندیل بۆ بەیاننامەکەی ئۆجالان

2 ڕۆژ لەمەوپێش
"راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین.
جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە
لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن.
هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل
زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ئەو ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان.
بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات
لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت.
بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات
هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات.
پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن
ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن.
بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە
گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان!
بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.
پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین
با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین.
بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن
ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن.
لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن!
بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە!
"بژی رێبەر ئاپۆ!"

