پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری دارایی وەرگرتەوە

4 هەفتە لەمەوپێش
نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران متمانەیان لە وەزیرى ئابورى ئەو وڵاتە سەندەوەو لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای کراوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، پەرلەمانتاران ڕاسپێردراون کە پێداچوونەوە بە پێشنیاری لێپرسینەوە لە وەزیری ئابووری و دارایی بکەن لەم دانیشتنەدا، نوێنەرانی لایەنگری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی سەرەتا بۆچوونی خۆیان دەربڕی، پاشان سەرۆک کۆمار بەرگری لە وەزیر کرد.
لەودانیشتنەى پەرلەماندا، عەبدولناسر هێممەتی وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕایگەیاند کە ئێران توانایەکی گەورەی هەیە و وتی: لە ساڵی ٢٠١٨دا بارودۆخی ئابووری وڵات زۆر سەختتر بوو لە ئێستا، بەڵام ئێمە بە توندی ڕاوەستاین و بەرگەی ئەوپەڕی گوشارەمان گرت، ئێستاش لە شەڕی ئابووریدا سەردەکەوین.
دوای وتاری وەزیری ئابووری و دارایی لە دانیشتنی نیوەڕۆ، پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد، بە 182 دەنگی بەڵێ، 89 دەنگی نەخێر، و 1 دەنگی بێ لایەن، کە دەنگێکی پووچە لە کۆی گشتی 273 دەنگی دراو، و ناوبراو لە وەزارەتی ئابووری دوورخرایەوە.
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەمە چوتە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی و بە توڕەییەوە لەناو هۆڵی پەرلەمان قسەی کرد و زۆربەی کات هاواری دەکرد. وتی: کێشە ئابوورییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا پەیوەندییان بە یەک کەسەوە نییە، و ناتوانین هەموو تاوانەکە بخەینە ئەستۆی یەک کەس.
لەبەشێکی قسەکانیدا وتی: دوژمن دەیەوێت حکومەت و پەرلەمانمان نەمێنێت، پارەکانمان لە قەتەر، عێراق و تورکیا بلۆککراوە و ناماندەنەوە.
پزیشکیان وتیشی: ئێمە لە شەڕێکی ئابووریداین، ئەم شەڕە زۆر خراپتر و توندوتیژترە لە شەڕی سەپێنراوی 8 ساڵە لەگەڵ سەدام، دوژمن دەیەوێت ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوانماندا دروست بکات، با ڕێگە نەدەین ئامانجی دوژمن بە ناکۆکی و شەڕ و دووبەرەکی بەدیبهێنرێت.
ئەو جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوانبارکردنی یەکتر لەکاتێکدا لە حاڵەتی شەڕی ئابووریداین، کێشەکە چارەسەر ناکات. ئاماژەی بەوەشکرد: داوای لێبوردن لە خەڵک دەکەم، ناچار بووین لە وەرزی زستاندا غازی خەڵک ببڕین. ناچار بووین کارێک بکەین کە نەماندەویست بیکەین.
سەرۆک کۆماری ئێران درێژەی قسەکانیدا وتی: من باوەڕم وابوو کە دیالۆگمان هەبێت باشترە، ڕێبەری شۆڕش وتی کە ئێمە دیالۆگمان لەگەڵ ئەمریکادا نابێت، هەروەها ڕامگەیاند کە دیالۆگمان لەگەڵ ئەمریکادا نابێت. بەڵام دەبێت ڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزینەوە.
