ئەنەکەسە: ئاگاداری رێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع نین

23 كاتژمێر لەمەوپێش




وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و سەرۆککۆماری کاتی سووریا کراوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا.
 
دووشەممە 10-03-2025 فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە دیمەشق کرا. بۆیە قسە لەسەر رێککەوتنەکە ناکەن.
 
ئەو وتەبێژە وتیشى: دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، ئەوکات بۆچوونی خۆمان لەسەر رێککەوتنەکە رادەگەیەنین.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە. 
بەگوێرەی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی جۆری ئاپاچی لە سەرووی ناوچەی سوخنە لە گوندەواری حمس بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی زەمیر لە گوندەواری دیمەشق فڕیوە. 
 
ئەو فڕۆکەیە شاندێکی هەدەسەی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بردووە بۆ پارێزگای گوندەواری دیمەشق. 
سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ شەرع باس لە راگرتنی گرژی لە ناوچەی کەناری دەریا و هاوکاریکردنی زەرەرمەندان کرا
 
بەر لە رێککەوتنەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان، لەوانەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی گروپێکی کوردی (کە مەبەستی مەزڵووم عەبدییە)، کە لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت.
سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی منبج و بەنداوی تشرین، ئەحمەد شەرع بە ئاژانسە بەریتانییەکەی راگەیاندبوو، دەیەوێت ئەم بابەتە بە دانوستاندن و دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چارەسەر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار