نێچیرڤان بارزانى: پێویسته‌ قه‌ره‌بوو‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌

21 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 37ـەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دا ڕایگەیاند پێویسته‌ قه‌ره‌بوو‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو قوربانيیانی جینۆساید و ئه‌نفال بكرێته‌وه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا باشترین خزمه‌تگوزاریيان پێشكه‌ش بكرێت‌.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-3-2025) لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەریان، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە.

لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانی هاتووە: ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ به‌رپرسیاريه‌تيی یاسایی و ئه‌خلاقيی خۆی به‌رانبه‌ر قوربانیيان و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی دەرهەق بە هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و دادپه‌روه‌رييان بۆ به‌دی بهێنێت.

دەقى پەیامەکە 

له‌ يادى پڕ له‌ ئازارى كاره‌ساتى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نه‌وێنین و به‌ شكۆوه‌ یادی هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه كه‌ له‌پێناو ئازادیدا گيانيان به‌خت كرد. سڵاو و ڕێز بۆ بنه‌ماڵه و كه‌سوكار‌ی سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و برينداران و قوربانیيان كه‌ تا ئه‌مڕۆش هێشتا به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانى ئه‌و تاوانه‌ سامناكه‌وه‌، ئازار ده‌چێژن.

كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نيا تاوانێك نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌شێكی خه‌مناك بوو له‌ زنجیره‌یه‌ك تاوان و جینۆساید كه‌ ئامانجیان نه‌هێشتنى گه‌لی كوردستان بوو. گه‌لێك كه‌ ته‌نيا تاوانی، داواكردنی مافی ڕه‌وای خۆی بوو له‌ ژیان و ئازادی. هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ هێمایه‌كی جیهانی بۆ سته‌ملێكراويى گه‌له‌كه‌مان‌ و شایه‌تحاڵێك بۆ دڕنده‌یيی ئه‌و تاوانانه‌ی دژی ئه‌نجام دران. ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌رييه‌كی ڕاسته‌قینه‌ هه‌بووایه‌، ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌ ته‌نیا به‌س بوو بۆ داننان به‌ هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستاندا.

له‌م یاده‌دا، جارێكی دیكه‌ جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ قه‌ره‌بوو‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو قوربانيیانی جینۆساید و ئه‌نفال بكرێته‌وه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا باشترین خزمه‌تگوزاریيان پێشكه‌ش بكرێت‌. ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ به‌رپرسیاريه‌تيی یاسایی و ئه‌خلاقيی خۆی به‌رانبه‌ر قوربانیيان و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی دەرهەق بە هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و دادپه‌روه‌رييان بۆ به‌دی بهێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو ڕێكاره‌كانى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بكات، پێويسته‌ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییش‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دڵنیابوون له‌ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان، به‌رده‌وام بێت.

هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌ قه‌واره‌ى‌ ده‌ستووری و فیدراڵی و ته‌واوى ده‌ستكه‌وته‌كانييه‌وه‌، به‌رهه‌می خه‌بات و قوربانیدانی شه‌هیدانه‌، ئه‌ركی هه‌موومانه‌ به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بايى، بیانپارێزن. وه‌فاداری بۆ قوربانیيانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان، هه‌روه‌ها دڵنيابوون له‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، به‌ پته‌وكردنى پێكه‌وه‌يى و لێكگه‌يیشتن و هاريكارى له‌پێناو پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستاندا ده‌بێت.

سڵاو و دروود بۆ گیانی شه‌هیدان.


نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار