ئاژانسێكی ئەمریكی: ئەردۆغان دەیەوێت ترەمپ ببینێت

2 هەفتە لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئاگاداری تورکیا لەو بابەتە، بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کاردەکات بۆ رێكخستنی کۆبونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، كە رەنگە تا کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەکردووە، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە، بەتایبەتی کە ئەنكەرە بە دوای رۆڵی گەورەتردا دەگەڕێت لە نێوەندگیریی ململانێکان لە ئۆکرانیا تا سوریا.
لە شەڕی داعش لە سوریا، ئەمریکا هاوپەیمانی هێزێكی کوردی سوریایە، کە تورکیا بە گروپێکی تیرۆریستی ناویدەبات و ڕەخنەی توند لەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەگرێت و بە ناپاكی لە هاوپەیمانێکی ناتۆی دەزانێت.
هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس (٤٠٠)ی روسی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی (٢٠١٩)بووە هۆی سزاکانی ئەمریکا و دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف (٣٥).
ئەردۆغان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ترەمپ قسەی کرد و، هەوڵەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە سوریا تاوتوێ کرد.
