فڕۆکەخانەی هیسڕۆى لەندەن بەهۆی ئاگرکەوتنەوە داخرا

یەک هەفتە لەمەوپێش



گەورەترین فڕۆکەخانە لە ئەوروپا داخرا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی کارەبایی، کە وزەی بۆ فڕۆکەخانەکە دابین دەکرد، بە گوێرەى ئەو کۆمپانیایەشی فڕۆکەخانەی هیسڕۆی لەندەن بەڕێوەدەبات، داخستنی فڕۆکەخانەکە بە درێژایی ئەمڕۆ هەینی بەردەوام دەبێت.

کۆمپانیای هیسڕۆ ئایرپۆرت هۆڵدینگز لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی هیسڕۆ پچڕانێکی گەورەی کارەبای بەخۆیەوە بینیوە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەرنشینەکانمان و هاوکارەکانمان، فڕۆکەخانەی هیسڕۆ تا کاتژمێر 23:59 (کاتی ناوخۆیی) لە 21ـی ئازاردا دادەخرێت”.

هەروەها گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە رایگەیاندووە، لە سەرتاسەری فڕۆکەخانەکەدا تووشی پچڕانی کارەبای گەورە بوون”، هەروەها هۆشداریی داوەتە گەشتیاران، کە تا ئاگادارکردنەوەی نوێ روو نەکەنە فڕۆکەخانەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا پشێوی گەورە رووبدات، داواش لە گەشتیاران دەکات، لە هیچ بارودۆخێکدا نەچنە فڕۆکەخانە تا ئەوکاتەی دەکرێتەوە.

بە گوێرەى هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز، لە ئێستادا ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی هیسڕۆ لەکارکەوتووە، بەهۆی ئەوەی گەشتیاران کێشەیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری.

هەر بە گوێرەى هەواڵەکە، ئاگرەکە لە وێستگەیەکی کارەبا لە شاری هایس کەوتووەتەوە، کە نزیکەی میل و نیوێک لێیەوە دوورە و پێدەچێت هەزاران ماڵ بێ کارەبا بوون.

هاوکات تیمی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن رایگەیاند،10 ئۆتۆمبێل و نزیکەی 70 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بوون لە شەقامی نێستڵز.

ئاماژە بەوەشکراوە، محاویلەیەکی کارەبایی لەناو وێستگەی لاوەکیدا گڕی گرتووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە.

فڕۆکەخانەی هیسڕۆ یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی جیهان و ساڵی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی 83.9 ملیۆن سەرنشینی تۆمارکردووە، نزیکەی هەر 45 چرکە جارێک فڕۆکەیەک دەنیشێتەوە، یان هەڵدەفڕێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار