دەقی نامەكەی ترەمپ بۆ خامنەیی بڵاوکرایەوە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



ــ ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت

ــ ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە و بەردەوامبن لە پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت

محمەد ساَڵح سدقیان، شرۆڤەكاری بواری سیاسی و ستراتیجی ئێرانی، لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە سەكۆی (ئێكس) دەقی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران بڵاوكردووەتەوە.

لەنامەكەدا ترمەپ وتویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت، بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەستە درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت.

دەقی نامەكەی ترەمپ بۆ خامنەیی:
جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی
لەگەڵ رێز بۆ پێگەی سەركردایەتیتان و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دوور لە ساڵانی ململانێ و خراپ لێکتێگەیشتن و روبەڕوبونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی رابردوودا شاهیدی بووین. کاتی ئەوە هاتووە دوژمنایەتی بەجێبهێڵین و لاپەڕەیەکی نوێی لە هاوکاری و رێزگرتنی یەکتر بکەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەماندایە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان هەڵبوەشێنینەوە، ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاوکاریی نێوان وڵاتەکەمان بکەینەوە، نەک تەنها بۆ قازانجی هەردوو گەل، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان.

بەڵام ئاگادارتان دەکەمەوە، ئەگەر ئەم دەست درێژکراوە رەتبکەنەوە، ئەگەر رژێمی ئێران رێگای ئاڵۆزی و بەردەوامی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەركێشیە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامەكە یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رژێمەکەت بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان دەستەوسان نابین.

ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێران گەلێکی مەزنن، شایەنی ئایندەیەکی باشترن، دوور لە گۆشەگیری و هەژاری و نەهامەتی.

ئەگەر ئامادەن بۆ دانوستان، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوامبون لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژوو تۆماری دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستدا.

لەگەڵ رێزدا 
دۆناڵد جی ترەمپ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار