ئەردۆغان: وڵاتێک بنیات دەنێین تورک و کورد پێکەوە بە ئارامی بژین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بە بڕیارەوە بەرەو ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەنگاو دەنێن و وڵاتێک بنیات دەنێن کە تورک و کورد و عەرەب و عەلەوی پێکەوە بە ئارامی بژین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی ئاراستەی رێکخراوەکانی پارتەکەی کرد و پیرۆزبایی جەژنی لێکردن.
ئەردۆغان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا باسی لە پرسە سیاسییەکان و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە کرد.
ئاماژەی بەوەدا، کاتێك کاریگەری چەک نەمێنێ، هێزی سیاسەتی سڤیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەبێت.
لە تورکیا پرۆسەیەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکردووە، کە دەوڵەت ناوی ناوە (تورکیایەکی بێ تیرۆر) و کوردیش پێیدەڵێت (بە دیموکراتیبوونی تورکیا).
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ناکات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
