دەبوو ئەنفال ڕایچڵەکاندینایە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
پەیوەندی مێژوویی کورد پەیوەندیەکی قووڵ و مێژوویی و دانەبڕاوە بەکارەسات و تراژیدیاو جینۆسایدەوە بۆ هەزاران یان سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە کە لە لایەن میللەت یان دەوڵەت و ئیمپراتۆرو خەلافەتی ئەم ناوچەیەوە ئەنجام دراوە. ئەم کارەساتەنە کاریگەری لەسەر دەروون و پەروەردەی کورد بەجێهێشتووەو نەوە دوای نەوە ئەم کاریگەرییە دەمێنێتەوە، خانەیەکی فرمێسکیشە نەوە دوای نەوە بگەڕێنەوە بۆ گریان و فرمێسک ئەو شیعرەی ئەدۆنس کەدەڵێ: (خودا لەکوردەکان خۆش بە کە ناتوانن قورئان خەتم کەن، چونکە کەگەشتنە سورەتی ئەنفال هەمویان دەمرن) ئەم بەیتە پەیوەندیەکی قووڵ و مانایەکی قووڵی هەیە بۆ دوێنێ و ئەمڕۆو سبەینێی کوردوو میللەتانی ناوچەکە، ئەم شیعرە هەم وێنەیە هەم مانایە بۆئەوەی خۆمانی پێبخوێنینەوە لەهەمان کاتدا ئەو دەسەڵات و هێزو ئیمپراتۆرو خەلافەت ….. ئێستا دەسەڵاتی ئەو نەتەوانە دوای خوێندنەوەی ئەم بەیتە شیعرە حەقە شەرم بیانگرێت هەر چەندە ئەنفال هیچ کاریگەری لەسەر ویژدانی ئەوان دانەناوە، ئەگینا ئێزیدییەکان ئەنفال نەدەکرانەوە مووچەو قوتی هەرێمی کوردستانیان نەدەکردە کێشەی سیاسی و گرفتیان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دروست نەدەکرد. ئەوەی کارەساتترە ئەنفال و کیمیایی بارانی هەڵەبجە جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی دوا جینۆسایدی ئێزیدییەکان ئێمەی ڕانەچڵەکان بەومانایەی دەبوو لە دوای ئەنفال کورد ئەوەندە دوژمنایەتی ناوخۆی پەرە پێنەدایە دەسکارییەکی بیر کردنەوەی خۆمان بکردایە هیچ کوردێک سیخوری بۆ دوژمنان و چەپڵەی بۆداگیرکەر لێ نەدایە، وەک (حەسیب قەرەداخی) لەسەر هەڵەبجە و لەدوای کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە دەڵێ ( لەنێوان کوردو هەرستەمکارێ ئەگەر پردێ ما بەردی لێ بارێ) بۆیە ئێستا دوای (٣٧) ساڵ بەسەر تێپەڕینی ئەنفال ئێمەی ڕانەچڵەکاندووە ئیتر گلەیی لەئەنجامدەرانی بۆ بکەین هەر چەند گلەیشمان نەکردوە چونکە بێ خەم و خەیاڵ ئەوان بەبەرچاووماندا دێن و دەچن ئێمەش هیچ نەبێ نەمانتوانیوە دوو فیلمی سینەمای لەسەر بەرهەم بهێنین تا جیهان بزانن هەر هۆڵۆکۆست تراژیدیاو جینۆسایدنیە گەلێکی دیکە هەیە بەردەوام لە جینۆسایددا ژیاوە.
