عێراقچی لەگەڵ ڕووسیا و چین باس لە پرسە ئەتۆمییەکان دەکات

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پێش بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوە بچێت، بڕیارە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین بکات.
ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەباس عێراقچى، ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی ڕاوێژ سەردانی پەکین دەکات.
وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە سەردانەى هەفتەی ڕابردوویدا بۆ مۆسکۆ، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین لەبارەی پرسی ئەتۆمی ڕاوێژ دەکات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە.
وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئەوەشى ڕونکردەوە، وڵاتەکەى بەمدواییانە بەردەوام ڕاوێژى لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کردوە سەبارەت بەوتووێژکانیان لەگەڵ ئەمریکا.
ناوبراو جەختی کردوە کە داواکاری سەرەکی تاران لە هەر دانوستانێکدا هەڵگرتنی گەمارۆکانە، جەختی لە سەر پێویستی مسۆگەر کردنی ئەمە کردەوە، هەروەها هەموو ئەو سزایانەى بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراون، به ناڕەوا و نایاسایی زانی.
هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەدات.
