هۆكاری دواخستنی دانووستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا ئاشكرا كرا

11 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بە هۆكاری لۆجستیكی و تەكنیكی بووە، دەشڵێت، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ واشنتۆن، كە بڕیاربوو سبەینێ لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ عومان و ئەمریكا بڕیارمان داوە، بە هۆكاری لۆجستی و تەكنیكی خولی چوارەمی دانووستانەكان بۆ كاتێكی نادیار دوابخەین.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ئێمە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دانووستان ڕووی نەداوە، بەڵكو لە هەموو كاتێك زیاتر سوورین بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، كە كۆتایی هاتنی سزاكان مسۆگەر بكات و متمانەی نێوانمان بەهێزتر بكات.
دەشڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ هەمیشە بە ئاشتیانە دەمێنێتەوە، دەبێت ڕێز لە مافەكانی ئێران بگیرێت.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر عومان دواخستنی خولی داهاتووی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تارانیان لە بارەی پرسی ئەتۆمی ئێران ڕاگەیاندبوو، كە بڕیاربوو سبەی شەممە لە ڕۆما بەڕێوەبچێت.
