ئێران: زمانی هەڕەشە قبووڵ ناکەین

19 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەخت لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی درێژەدان بە دانوستان دەکاتەوە و ئاماژەی داوە، بەدەر لە درێژەدان بە ڕەوتی دیبلۆماتی و ئامادەیی بۆ دانوستان، بە هیچ شێوەیەک فشار و زمانی هەڕەشە قەبووڵ ناکەین.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتووە، پێداگری ئەمەریکا لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی گەمارۆ و سەپاندنی سزاکان، کارێکی نائاساییە، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەکەیدا بۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ چارە کردنی کێشە و قەیرانەکان جەختی لە بژاردەی دیبلۆماتی کردبووەوە.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سەرۆک کۆماری ئێران بە نیازپاکی و بە پشتیوانی خۆڕاگری گەلی ئێران هەنگاوی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەشی داوە، لە سێ گەڕی ڕابردووی دانوستانەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ماف و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی ئاشتیانە لە پرسی ئەتۆمی و کۆتایی هێنان بە سزا و گەمارۆکان ناوە، ئێستاش پابەندە بەردەوام بێت لە ڕەوتی دانوستانەکان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە و فشار قەبووڵ ناکات.
هەروەها هەر سزایەک کە لە بەرژەوەندی گەلی ئێران بدات، دژبەری ماف و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، هەربۆیە درێژەدان بە سیاسەتی سزادانی کۆمپانیا بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکەین و ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش لەلایەن گەلی ئێرانەوە بە نیاز خراپی ئەمەریکا بەرانبەر بە ڕەوتی دیبلۆماتی چاوی لێدەکرێت، هەربۆیە سەپاندنی سزاکان جگە لە دووبارە کردنەوەی ئەزموونە شکست خواردووەکانی پێشوو هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.
پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیبووی: دەبێت تەواوی فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕابگیرێن.
جەختی لەوەش کردەوە، هەر وڵاتێک یان کەسێک، نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێران بکڕێت، دەستبەجێ سزای بەسەردا دەسەپێندرێت و ڕێگەی پێ نادرێت بۆ لەمەودوا بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا بکات.
