لوبنان: ڕێگە نادەین حەماس ئارامى وڵات تێکبدات 

18 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، هۆشداریی توندیدا بە حەماس لە بەکارهێنانی خاکی ئەو وڵاتە بۆ "ئەو کارانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات دەکەن.

ئەمەش دوای هەڵدانى چەند موشەکێک بەرەو ئیسرائیل، بەوهۆیەوە سوپاى ئیسرائیل بۆردومانی باشووری لوبنان و گەڕەکی باشووری بەیروتى کرد لەوەڵامى هێرشەکەى حەماسدا.

محەممەد مستەفا ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای بەرگری لوبنان، ڕۆژى هەینى ڕایگەیاند، جۆزێف عۆن، فەرماندەی باڵای سەربازیی و سەرۆک کۆماری لوبنان لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حەماس یان هەر کوتلەیەکی دیکە ڕێگەی پێنادرێت سەقامگیری وڵاتەکە تێکبدات، جەختیشی کردەوە کە یەکپارچەیی خاکی لوبنان لە پێش هەموو شتێکدایە.

مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، عۆن لەو کۆبونەوەیەدا جەختی لە گرنگی خۆڕازینەبوون کردووەتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی گۆڕینی لوبنان بۆ سەکۆیەک بۆ ناسەقامگیری، هەروەها پێویستی تەسلیمکردنی چەکی "نایاسایی" بەپێی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنی نیشتمانی.

ئەمینداری گشتی ئەنجومەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی عۆن جەختی لەسەر پێویستی کارکردن بۆ سەقامگیری وڵات و پاراستنی ئاسایش و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردەوە. 

هەروەها جەختی لە پێویستی تەحەمول نەکردنی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات و چارەسەرکردنی هەر کاردانەوەیەکی دۆخی سوریا لەسەر دۆخی ناوخۆی لوبنان بەتایبەتی سەبارەت بە ئاوارەکانی سوریا کردەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار