دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕێککەوتنێکی نزیک یان هێرشی سەربازی

15 كاتژمێر لەمەوپێش
دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران پەرەسەندنێکی بەرچاوى بەخۆوە بینیوە، زانیاریی نوێش دزەپێکراوە و ئاژانسى رۆیتەرزیش دەڵێت، “چوارچێوەی سەرەتایی” بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتۆن و تاران دانراوە، کە ئەم چوارچێوەیە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای رێککەوتنی ساڵی 2015 دانراوە، لەگەڵ چەند هەموارکردنەوەیەک بۆ ئەو رێککەوتنە.
زانیارییە دزەپێکراوەکان و پێشهاتە نوێیەکان مشتومڕیان لەسەر سروشتی رێککەوتنە پێشبینیکراوەکە دروست کردووە، بەوەى ئایا گفتوگۆکان جدین؟ یان تەنها ئاگربەستێکی تەکنیکییە، کە دەرگاى قەیرانەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە؟
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، تاران پێشنیازى راگرتنی بەرهەمهێنانی ئەو مووشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەى ئەتۆمییان هەیە، وەک ساز بۆ رۆژائاوە لێکداوەتەوە، ئەمەش گومانەکانى لەبارەى بەردەوامى دانوستانەکان زیادکردووە.
موسادق پوور، بەڕێوەبەری ناوەندیی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ئێران لەو بارەوە قسەى بۆ سکاى نیوز کردووە و ئاشکرایکردووە، رێککەوتنێک نزیکە، بەڵام هۆشدارییدا لە “زیادەڕەوی” رەتکردنەوەى پێشنیازەکان، ئەوەش بەهۆى ئەوەى بەشێک لە بەرپرسانى ئەمریکا لەگەڵ رێککەوتنەکەدا نین
زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە بریتییە لەکەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا 3.67 و کەمکردنەوەى رێژەى هەناردەى یۆرانیۆم و زیادکردنى ژمارەى چاودێرەکان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانى ئێران، ئەمە جگە لەدانانى کۆت و بەند بۆ بەرهەمهێنانى مووشەک لە ئێران.
بە گوتەی موسادق پوور، ئێران “بەشێک لەم پێشنیازانە بە پاشەکشە نازانێت”، بەڵکو واى دەبینێت، ئەوە پلانى خۆیەتى و نایەوێت پرسى ئەتۆمى بۆ بوارى سەربازى بەکاربهێنێت.
لەلایەکى دیکەوە ئیسرائیل ئەو رێککەوتنە بە “دووبارەبوونەوەی رێککەوتنی ساڵی 2015” دەبینێت و جەختی لەسەر پابەندبوونی بە داواکاری “پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستى سفر” و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەى ئێران و کردووەتەوە.
ئالۆن ئەڤیتار، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “ژووری هەواڵ”ـی سکای نیوز رایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل سێ رێگا لەبەرچاو دەگرێت، کە ئەوانیش برینیت لە بەردەوامبوون لە فشارەکانی واشنتۆن بۆ هەموارکردنەوەی رێککەوتنەکە و چڕکردنەوەی چالاکی هەواڵگریی بۆ پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمى ئێران و بژاردەی سەربازی ئەگەر رێگای یەکەم و دووەم شکستیهێنا.
ئاڤیتار وێڕای داننان بە توانای ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی سنووردار بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە، “هەر کارێکی گەورە و هێرشى فراوان لە دژى ئێران بەبێ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامنادرێت”.
هەروەها بە گوێرەى راپۆرتێکى ئەسۆشیەیتد پرێس، واشنتۆن تەلئەبیبی ئاگادارکردووەتەوە، دانوستان لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بۆیە پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی سەربازی ناکات.
هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە، بەمە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووبەڕووی تەحەددای ناوخۆیی دەبێتەوە و نیگەرانیشە لەوەی سەرپێچیکردنی لە هەڵوێستی ئەمریکادا، ببێتە هۆی گۆشەگیریی سیاسی و دیپلۆماسی.
لە بارەى هەڕەشەکانی ئیسرائیل، موسادق پوور ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی بە بێ پشتیوانی ئەمریکا بە دوور دەزانێت و ئیسرائیل لەو بارەوە هەنگاو نانێت.
