بەریتانیا چوار ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵی کردەی تیرۆریستی دەستگیر کرد

12 كاتژمێر لەمەوپێش
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، پێنج کەسیان بە تۆمەتی ویستی کاری تیرۆریستی لەو وڵاتە دەستگیر کردووە. چواریان هاووڵاتی ئێرانین، بەڵام ناسنامەی پێنجەمیان ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی شەممە، سێی نیسانی 2025، پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند کە پێنج گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا چوار هاووڵاتی ئێرانی هەن بە گومانی ئەوەی پیلانی هێرشی "تیرۆریستی"ـیان لە نێو بەریتانیا هەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، گومانلێکراوەکان لە شارەکانی لەندەن، سویندن و مانچستەر دەستگیر کراون و تۆمەرتبارکراون بەوەی "پیلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر شوێنێکی گشتیی دیاریکراو"
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 46 ساڵیدایە، بە گومانی "ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی" دەستگیرکراون و ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان و لەگەڵ ئاشکرا کردنی ناسنامەی چواریان کە هاووڵاتی ئێرانین، ناسنامەی دەستگیرکراوی پێنجەمیان ئاشکرا نەکردووە.
دۆمینیک مۆرفی، سەرۆکی بەشی دژەتیرۆری پۆلیسی بەریتانیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی خێرایە و ئێمە بە چڕی لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لە نوێترین زانیارییەکان ئاگاداریان بکەینەوە".
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، "لێکۆڵینەوەکان هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدان و ئێمە بەدوای چەندین رێگەی دیکەدا دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی هەر هۆکارێک لەبارەی ئەو گرووپە، لەگەڵ ئەوەش بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا هیچ مەترسییەکی زیاتر لەسەر خەڵک هەیە کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت".
مۆرفی ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لە هاووڵاتییان تێدەگەین کە رەنگە نیگەران بن بەم پێشهاتە، بەڵام وەک هەمیشە داوایان لێدەکەین چاوکراوە بن و ئەگەر شتێکیان بینی یان گوێبیستی شتێکی گوماناوی بوون، راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن."
