پزیشکیان: داهاتووی خۆمان بە چارەنووسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نابەستینەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا تا ئێستا وادەی چوارەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا نادیارە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئایندەی خۆی بە ئەنجامی ئەو وتووێژانە نابەستێتەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە پێگەی لاوازییەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکات.
لەلایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تاران تایمز ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان بگاتە بنبەست، وڵاتیش ناگاتە بنبەست.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا هەندێک کەس دەیانگوت ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت کێشە دروستدەبێت، بەڵام ئێمە ئایندەی وڵاتەکەمان و خۆمان و هەرێمەکەمان بە هیچ شێوەیەک نەبەستووەتەوە بە دانوستانەوە و بەردەوامین لە کارەکانمان.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە (٣ی ئایار) لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بە هۆکارێک کە سوڵتانییەتی عومان کە سەرپەرشتی دانوستانەکانە ڕایگەیاندبوو تەکنیکی و لۆجستیکی دانوستانەکان ڕاگیرا.
تاوەکو ئێستا ئێران و ئەمریکا سێ جار گفتوگۆیان کردووە، بە گوتەی هەر دوو لایەن ئەرێنی بوون.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش چەند جارێک باسی لەوە کردووە، ''ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە".
