پاکستان: لەهێرشەکاندا تەنها ناوچەى سەربازیی دەکەینە ئامانج

23 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایدەگەیەنێت لە هێرشی تۆڵەکردنەوەدا بۆ سەر هیندستان تەنها پێگەی سەربازیی بە ئامانج دەگرین نەک مەدەنی.

لەشەوى ڕابردووەوە هیندستان و پاکستان لە لێواری ململانێیەکی فراوانتردان، دوای ئەوەی هیندستان هێرشەکانی بۆ سەر هەردوو پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت دەستیپێکرد. 

هیندستان ڕایگەیاند کە "ژێرخانی تیرۆریستی"ی کردووەتە ئامانج لە دوای کۆمەڵکوژییەکی گەشتیاری لە کشمیر کە لە ژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە لە مانگی ڕابردوودا.

بەپێی نوێترین ئامار کە بەرپرسانی هیندستان و پاکستان بۆ میدیاکانیان ئاشکرا کردووە، نزیکەی 50 کوژراو لە هەردوولا بەهۆی پێکدادانەکانی شەوی رابردوو هەن و ژمارەی بریندارانیش نزیکەی 120 کەسن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایار عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆسەر وڵاتەکەی "26 هاووڵاتیی سڤیل" کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسلام ئاباد لە کات و شوێن و بە رێگەی تایبەتی خۆی وەڵامی نیودێلهی دەداتەوە.

خواجە ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان وتی پاکستان تەنها ئامانجە سەربازییەکان لە هیندستان دەدات نەک ئامانجە مەدەنییەکان.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی هەواڵیی پاکستانی جیۆ نیوز کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدانی هیندستان وتی: ئێمە هەرگیز لەخەڵکی مەدەنی نادەین. "پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبین، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نێودەوڵەتییە تەنها بۆ ئامانجە سەربازییەکان لەخۆدەگرێت."

ئەحمەد شەریف، وتەبێژی سەربازی پاکستان ڕایگەیاند، کاتێک هیندستان هێرشەکەی بۆ سەر پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەکاتی ناوخۆیی دەستپێکرد، 57 گەشت لە ئاسماندا هەبوون.

وتیشی: "ئەو کاتە چەندین گەشتی ئاسمانی هەبوون کە لە ئاسماندا بوون و ژیانی هەزاران سەرنشینی سەرنشینەکان کەوتە مەترسییەوە".

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکان فڕۆکەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان لەخۆگرتووە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کردووە، واز لە شەڕ بهێنن و گوتی: "جیهان توانای رووبەڕووبوونەوەی شەڕێکی سەربازی لە نێوان پاکستان و هیندستان نییە."
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دووپاتی کردەوە، نابێت هاووڵاتیی سڤیل بکەونە نێوان هەردوولا و دەبێت ناکۆکییەکان کۆتاییان بێت و پێویستە ئەم ئاڵۆزییە لە رێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار