فەرماندەیەکى ئێران: بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕین و ئامادەین

7 كاتژمێر لەمەوپێش
حەمید واحیدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکان بە تەقەمەنی و ئامێر و مووشەکی دوور مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی تەیارو ئامادەکراون.
ئەو بەرپرسەى سوپاى ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یەکەمین فڕینی تاکەکەسی لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە، وتى: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە وڵات دەکەن.
ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستی بە ئەفسەرێکە کە خاوەنی هەم پابەندبوون و هەم پسپۆڕی بێت.
ئەو وتیشی: زانست لە جیهاندا بە خێرایی ڕووناکی دەجوڵێت و نابێت لە دواوە بین.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان دەکرێت.
لەلایەکى دیکەوە یسڕائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ئێران لە بەردەوامی پاڵپشتیکردن بۆ حوسییەکان لە رووی دارایی و چەکەوە و دەڵێت؛ “سەردەمی بریکارەکان” کۆتایی هاتووە و “بەرەی خراپەکاری”ش داڕماوە.
کاتس دەشڵێت، “من سەرکردایەتی ئێران ئاگاداردەکەمەوە، کە كۆتایی بهێنن لە پشتیوانیی حوسییەکان و بە پارە و چەک و ئاڕاستەیان مەكەن”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوەی ئێمە بەرامبەر حزبوڵا و حەماس و ئەسەد و حوسییەکان كردمان، بە تارانیشی دەیکەین، بۆیە دەبێت ئاگاداربن.
هەروەها گوتی: گورزی توندتریش لە حوسییەكان دەدەین، بەتایبەت ئەگەر بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە، سوپای ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ هەر ئەرکێک.
ماوەیەكە ئیسرائیل دەستی بەهێرش بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن كردووە، ئەوەش بەهۆی هێرشی ناوە ناوەی ئەو گرووپە بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەزەوە لە ئۆكتۆبەری 2023.
