ڕۆژنامەی هارتس: ئیسرائیل و سوریا بەنهێنى لەمانگى ڕابردوو کۆبونەتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیل، بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەک ئاشکرایدەکات، مانگى ڕابردوو کەسایەتییەکی دیاری بەرگری سوریا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری لە ئیسرائیل کۆبونەتەوە.
بەوتەى ڕۆژنامەکە کۆبوونەوەکە بە نهێنیی بووەو بەشێوەى ڕاستەوخۆ دانیشتنەکانى سوریا و ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەردەوام بووە.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو شاندە سوورییەی کە سەردانی ئیسرائیلیان کرد، بەرپرسانی پارێزگای قنیترەی سوریایان لەگەڵدابووە.
رۆژنامەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو بەرپرسانی سوریا لە مانگی نیساندا سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، بە کردنەوەی لینکێکى ڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری ئیمارات بووە، ئەمەش دوای ئەوەبووە دیمەشق هەڵوێستى گۆراوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ڕایگەیاند سوریا 'مەترسی نییە بۆ سەر ئیسرائیل'.
ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت.
رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد.
ئەحمەد شەرع گوتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات."
سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت."
ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."
