عێراق و تورکیا 10 یاداشتیان ئیمزا كرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا دەستیپێکرد، بڕیارە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکەن، چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنە ستراتیژییەکەی نێوان هەردوولایە.
پێش کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو باسی لە چەند پرسێک کرد، گوتی، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان مامەڵە دەکەین، بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی هەردوولا پێوەی پابەندن، دەشیانەوێت پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد بەشێک بێت لە هاوکێشەی سەقامیگریی ناوچەکە.
سودانی راشیگەیاند، بابەتی ئاو لای عێراق هەستیارە و بەگوێرەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، دەربارەی رێگەی گەشەپێدانیش گوتوویەتی، رێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ تورکیا، چونکە خۆبژێویی ئابووری لە ناوچەکە دروست دەکات، بە گرنگترین پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کردووە.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ڕێوشوێنەکانی کارپێکردنی ستاندارد بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاوڵاتیانی عێراقی لە تورکیا.
- ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی دادوەری.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن تایبەت بە هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە ماددە هۆشبەرەکان.
- پرۆتۆکۆلی هاوکاری سەبارەت کردنەوەی لقی زانکۆکانی تورکیا لە بەغداد و بەسرە.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڕێوەبردنی فریاگوزاری و کارەساتەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەیوەندییە گشتییە دیجیتاڵییەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چالاکیەکانی ستاندارد و پێوانەکردن.
- دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری هاوکاری ڕاهێنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
