باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل: هاوکارییەکان لە غەززە دابەشدەکرێن

10 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قسەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێکخراوێکی نوێ بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان بەسەر کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەشداری لە میکانیزمی نوێی دابەشکردنەکەدا ناکات.
بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشدا دەکات. وتیشی: میکانیزمە نوێیەکە پشت بە کردەوەی سەربازی نابەستێت و هیوادارین بەم نزیکانە دەست پێبکات.
هاکابی ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە گەیاندنی هاوکارییەکان بەندە بە ئاگربەست لە ناوچەی فەلەستین، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە بەپەلە هاوکاری مرۆیی لە غەززە دابینبکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە "حەماس ناتوانێت یان ئامادە نییە ئەو یارمەتییە دابین بکات".
لەلایەکى دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بەمزووانە دامەزراوەیەکی نوێ ئەرکی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەزە دەگرێتە ئەستۆ.
تامی بروس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە ببێتەهۆی گەیاندنی خێرای هاوکارییە مرۆییەکان بە غەزە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی دامەزراوەکە نەدا و تەنها گوتی، بەمزووانە دامەزراوەکە خۆی راگەیەندراوێک لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە و بەزووترین کات هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە غەزە.
هێشتا زانیاریی ئەوتۆ لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە نییە، بەڵام پێشتر لە مانگی شوباتەوە دامەزراوەیەکی قازانج نەویست لەژێر ناوی “دامەزراوەی مرۆیی غەزە” لە سویسرا تۆمارکراوە کە بارەگاکەی لە جنێفە.
لە رۆژی 2ـی مانگی ئازاری رابردووەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە دەستیان پێکردەوە، رێگە نەدراوە بە چوونەژوورەوەی هیچ هاوکارییەکانی مرۆیی بۆ غەزە لە کاتێکدا دوو ملیۆن و 400 کەس هێشتا لەو کەرتە دەژین.
