ئەمەریکا فشار لە ئیسرائیل دەکات تا لەگەڵ حەماس ڕێکبکەوێت

3 مانگ لەمەوپێش
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕێکبکەوێت.
هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بگاتە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە ئەگەر بە قسەی نەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس نەکات، ئەوا ئیدی لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ دەخرێت و هاوکاری ناکرێت.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرایلییەکان کۆبووەتەوە، ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرتووە لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایگەیاندووە، ئەگەر بارمتەکان تا ئەمڕۆ باجی کۆتایینەهێنانیان بە جەنگ دابێت، ئەوا ئەمڕۆ ئیسرائیل زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات.
ویتکۆف جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل بە هۆش خۆی نەیەتەوە، ئەوا باجی لە دەستدانی ئەو دەرفەتانە دەدات کە ئەمەریکا پێی داوە.

