500 سەربازى عێراقى لە پاکستان گیریان خواردووە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی سەدان سەربازی وڵاتەکەى دەکات، کە لە پاکستانن و ئێستا ئەو وڵاتە تووشى ئاڵۆزى و شەڕ بووە لەگەڵ هیندستان.
بە گوێرى رێککەوتنى نێوان بەغداد و ئیسلام ئاباد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی گەڕاندنەوەی 500 کارمەندی هێزە تایبەتەکانی عێراقی دەرکردووە، کە ماوەیەکە بۆ مەشق و راهێنان لەو وڵاتەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە “لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای نێوان پاکستان و هیندستان دەنرێت، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی کارمەندانی ئەمنیی عێراقى”.
چەند رۆژێکە گرژیی و ئاڵۆزى لە نێوان هیندستان و پاکستان دروست بووە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکى و هێرشى چەند گرووپێکى چەکدارى لە هەرێمى کشمیرى ناوچە ناکۆکى نێوان هەردوو وڵات.
ئەمڕۆ گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات زیاتربوون، دواى ئەوەى پاکستان بە فڕۆکە و مووشەک هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى هیندستان.
دواتریش هیندستان بنکە سەربازییەکانی پاکستانی کردە ئامانج و رایگەیاند، وەڵامى هێرشەکانى پاکستانمان داوەتەوە و بەردەوام دەبین لە بەرگرى لە خۆمان و سەروەرى وڵاتەکەمان.
