لەتیف ڕەشید: رێگە نادەین لەعێراقەوە هێرشبکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ
.jpg)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە سوریا روویانداوە، وتیشی: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا زۆر پێویستە.
سەرۆک کۆماری کۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لوتکەی عەرەبی دەرکردنی بڕیاری باش سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان بەخۆوە دەبینێت، ئاستی بەشداری سوریاش لە لوتکەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە دیاری دەکرێت.
سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشكرد: پێشوازی لەو گۆڕانکارییە دەکەین کە لە سوریا روویانداوە، هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی گەلی سوریا دوای چەندین ساڵ لە ئازار و مەینەتی لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین.
جەختیشی لە گرنگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا كردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە بوونی هەندێک گروپ لەسەر سنوری هاوبەش لەگەڵ سوریا.
سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرۆك كۆمار رایگەیاند: دانوستانەكان چارەنوسی هێزەکانی هاوپەیمانی له وڵات دیاری دەکەن، ئەگەر پێویست بوو رێککەوتنەكان بگۆڕدرێت له گەڵ ئەمریکا، ئه وا دەیکەین.
دووپاتیشكردەوە، هێزەکانی عێراق رێگە بە هیچ گروپ و رێکخراوێک نادەن خاکی ئێمەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن.
