ئەمریکا ئامادەیە نێوەندگیری لەنێوان هیندستان و پاکستان بکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان داوای هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و پێشنیازی نێوەندگیری خستەڕوو.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: روبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ هاوتاکانی، داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە پەیوەندییە راستەوخۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵەتێگەیشتن لە ململانێیەکانی نێوانیان بەدوور بگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، روبیۆ بەردەوام بووە لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی ئەمریکای دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی بنیادنەرانەى نێوان هەردوو وڵات و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان.
هەر لەوچوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریکردن لەنێوان هیندستان و پاکستان دەربڕی.
سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی سوپای هیندستان دەستپێکرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی چەند کاتژمێری رابردووی هیندستانە کە سێ بنکەی ئاسمانیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.
هاوکات، سوپای هیندستان رایگەیاند، ناوچە سنوورییەکانى وڵاتەکەى رووبەڕووی هێرشی نوێی پاکستان بوونەتەوە.
