ئیسرائیل: بەردەوام دەبین لەهێرشکردنە سەر یەمەن

6 كاتژمێر لەمەوپێش
دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکا و حوسییەکان بەسەرپەرشتى عومان ئەنجامیاندا، بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لایەنێکی ئەو ڕێککەوتنە نییە، ئەوان بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە یەمەن.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حوسییەکان و دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتنە ئێمە پابەند ناکات، ئەوانیش باجەکەی دەدەن".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە پلانیان هەیە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی حوسییەکان پەرەپێبدەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی فراوانتر و توندوتیژتر ئەنجام بدەن.
هەروەها بەرپرسانی دیکەش ئاشکرایان کردووە کە سەرکردایەتی سەربازی ئیسرائیل بیر لە دەستپێکردنی هێرشی ئەگەری بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دەکاتەوە و هۆشداریشیان داوە کە تاران بە ئاسانی لە سزا ڕزگاری نابێت.
سێ رۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت.
رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات حووسییەکان رایانگەیاند، چیدی کەشتیی بازرگانی لە سنوورە ئاوییەکان هەراسان ناکەن. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە بەرامبەردا ئەوانیش هێرشەکانیان لە دژی ئەو گرووپە چەکدارییە دەوەستێنن، کە ئێران پشتگیریان دەکات.
دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان ناوەتەوە.
هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەزار پێگەی لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
