هیندستان: پاکستان ئاگربەستی پێشێلکرد داوا دەکەین بوەستێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، بەڵام هێرشى هەردوولا بەردەوامەو ناوببەناو دەنگی تەقینەوە دە بیسترێت.

وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، پاکستان چەند جارێک ئاگربەستی پێشێلکردووە و هێزە چەکدارەکانمان وەڵامی پێویست و گونجاوی ئەو پێشێلکارییانە دەدەنەوە.

سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێزە چەکدارەکانی هیندستان دەستیان کردووە بە وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی پاکستان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتن بەو ڕێککەوتن لە ڕۆژی شەممە.

ئەو دووپاتیکردەوە کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شارەکەیان کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکان ڕێنمایییان پێگەیشتووە کە "بەخێراو بەهێرشى خێرا مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکان بکەن"، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.

هەروەها داوای لە پاکستان کرد پێشێلکارییەکە ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە پاکستان ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە کە ئەمڕۆ لەسەری ڕێککەوتوون.
سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە بیستنی تەقینەوە و بینینی موشەک لە جامو و کشمیر کردووە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست. 
 
رۆژی 22ـی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا داخست. 

هیندستان و پاکستان ڕۆژی شەممە لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، ئەمەش دوای خراپترین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا. بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان لە کشمیر نیگەرانییەکانی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار