خولى چوارەمى دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت

22 كاتژمێر لەمەوپێش
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەست پێ دەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکی ڕایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە نیازە ئەمڕۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات."
گەڕی چوارەمی دانوستانەکان، لە سەرەتادا بڕیار بوو لە 3ـی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بەڵام دواخرا و عومان "هۆکاری لۆجستی"ی بۆ ئەو کۆبووەیە هێنایەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران بێبەشکردنی "مافی ئەتۆمی" بێت، تاران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.
عراقچی، وتەکانی ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دانوستانە ئەتۆمییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان هات.
میدیای فەرمییەکان لە زاری عراقچیەوە نووسیویەتی: ئەگەر ئامانجی دانوستانەکان بێبەشکردنی ئێران بێت لە مافە ئەتۆمییەکانی، بەڕوونی باس لەوە دەکەم "ئێران دەستبەرداری هیچ مافێکی خۆی نابێت."
ئێران چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان ناکات، هەروەها داواکارییەی "پیتاندنی سفر"ی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکاوە پێشکەشی کراوە.
بەڵام نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "دامەزراوەکانی پیتاندن لە ئێران "دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە" بەپێی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا.
ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا کشانەوەی واشنتنی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگەیاند، ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.
