ئەمڕۆ ترەمپ تەلەفۆن بۆ پوتن دەکات

2 مانگ لەمەوپێش



 

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، بە تەلەفۆن گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بکات، ئەمەش لە دوای بێ ئەنجامبوونی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاگربەستی جەنگ لە ئیستانبۆڵ، لە نێوان شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا.

هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، ئەو کات چەندین جار ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا دەهێنێت، بەڵام لە دوای چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی، تاوەکوو ئێستا هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بە ئامانج نەگەیشتوون.

دوای نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا لە ئیستانبۆڵ لەبارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ، گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پووچ بووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە؛ هەر بۆیە بڕیاری دا جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە.

بە گوتەی خۆی، ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025، جیا لە قسەکردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە هەمانشێوە قسە لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چەند سەرکردەیەکی هاوپەیمانی ناتۆش دەکات، ئومێدە دەکات، ئەمڕۆکە ڕۆژێکی بەرهەمدار بێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕوو بدات.

لە دانوستانە ڕاستەوخۆکەی ئیستانبۆڵ، شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن هەر یەکێکیان هەزار دیل ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێک بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری بکەن.

دوای کۆبوونەوەکەش، ڕۆستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، هەنگاوی داهاتووی دانوستان، کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زێلێنسکی دەبێت، بەڵام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا ڕەتی کردەوە و بێ ئاگایی خۆیی لە داواکاریی و کۆبوونەوەیەکی وەها ڕاگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار