ئۆکرانیا بە درۆن هێرشی کردە سەر هێلیکۆپتەرەکەی پوتن

5 ڕۆژ لەمەوپێش
لە کاتی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کۆرسک، ئۆکرانیا بە دەیان درۆن هێرشی کردە سەر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ڕووسیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-05-2025، ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی لە زاری ری داشکین، فەرماندەی فیرقەی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا لە هەرێمی کۆرسک، بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ بەسەرکردنەوەی هەرێمی کۆرسک بە هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی کە ڕێگەدا بووە بۆ هەرێمەکە، بەڵام لە ئاسمانی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی ئۆکرانیا بە 46 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ڕووسیا، بەڵام سیستەمی بەرگریی توانیویەتی درۆنەکان تێکبشکێنێت و ڤلادیمێر پوتن لە مەترسیی ڕزگار بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 24-05-2025، ڕووسیا یەکێک لە گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیی بالیستیکی کردە سەر کییێڤ و لە ئەنجامدا لانی کەم 14 کەس بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیاریی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا، لە هێرشەکەدا، سوپای ڕووسیا، زیاتر لە 14 مووشەکی بالیستیکی و 250 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی دوورمەودا بۆ سەر کیێڤ بەکار هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە سوپای ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە، 20-05-2025، سوپای ئۆکرانیا بە زیاتر لە 788 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی و توانیویانە زیاتر لە 776 فڕۆکە تێک بشکێنن.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنانی یەکجارەکی جەنگ بەردەوامن.
