ترەمپ بۆ ئێران: ڕێگە بە هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم نادەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادەن پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن؛ ئەمەش دوای ڕاپۆرتێکی پێگەیەکی ئەمەریکا هات کە ڕایگەیاندبوو، واشنتن ڕێگە بە تاران دەدات ڕێژەیەکی کەم یۆرانیۆم بپیتێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی کە هەیە، ڕێگە بە هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم نادەین."
سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە ڕەخنەی لە جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت و گوتی: ئەو دیموکراتە دەبوایە پێشتر ئێرانی لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاگرتبا.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ دوای ڕاپۆرتەکەی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی دێت، کە بڵاوی کردبووە، لە پێشنیازەکەی واشنتن بۆ تاران هاتووە، ئەمەریکا ڕێگەی بە ئێران دەدات بە ڕێژەی %3 پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.
هەروەها بە گوێرەی پێگەکە، ئێران دەبێت لە توێژینەوە و پێشخستنی ئامێرەکانی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت. هاوکات نابێت هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم دابمەزرێنێت و دەسبەرداری ئەو دامەزراوەنەش بێت کە خەریکە دایاندەمەزرێنێت.
دوێنێ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە قاهیرە گوتی: وڵاتەکەی خاوەنی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمییە، هیچمان نییە لەو بارەیەوە بیشارینیەوە.
