ترەمپ گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریكا قەدەغەكرد

دوێنێ



 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریكا قەدەغەكرد، هەروەها گەشتی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیكەشی سنوورداركرد.

بەگوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ لە رۆژی  9ـی ئەم مانگەوە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، كۆماری كۆنگۆ، گینا، ئەریتریا، ئێران، لیبیا، سوماڵ، سودان و یەمەن ناتوانن گەشت بۆ ئەمریكا بكەن، هەروەها گەشتی هاووڵاتیانی بۆرۆندی، كوبا، لاوس، سیرلۆن، تۆگۆ، توركمانستان و فەنزوێلاش بۆ ئەمریكا سنوردارکرد.

بڕیارەكە لەچوارچێوەی سیاسەتی ترەمپ دژی کۆچبەران و نەبوونی حكومەتێكی كاریگەر لەو وڵاتانە دەگەرێتەوە.

یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکەیان ئەوەیە، كاتێك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە سەردانی کاتیی بۆ ئەمریكا دەكەن، دوای تەوابوونی ڤیزاكانیان لەوێ دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە، بەڵام ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی تیرۆر، خراوەتە لیستەکەوە.

بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتانە، یاریزانانی تۆپی پێ ناگرێتەوە كە بۆ بەشداریكردن لە جامی جیهانی 2026 دەچنە ئەمریكا.

ترەمپ لەبارەی بڕیارەكەی بۆ قەدەغەكردنی گەشتی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەمریكا دەڵێت، ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا روویدا نایانەوێت لە ئەمریكا رووبدات و كێشەی ئەمنی بۆ وڵاتەكەیان دروستبێت.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، “دواین هێرشە تیرۆرستییەکەی شاری بۆڵدەریی کۆلۆرادۆ ئەو مەترسییە گەورەیە پشتراستدەکاتەوە کە لەسەر وڵاتەکەمان هەیە بە هاتنی هاووڵاتییانی دەرەوە کە بەشێوەیەکی رێکوپێک وردبینییان بۆ نەکراوە، رێگە بەو کەسانە نادەین بێنە نێو وڵاتەکەمانەوە کە دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن و هیچ شتێک نامانوەستێنێت لەوەی ئەمریکا بپارێزین.”

رۆژی یەکشەممەی رابردوو تۆمەتبارێک بەناوی محەمەد سلێمان کە بەرەچەڵەک میسرییە هێرشی کردەسەر کۆبوونەوەیەکی جووەکان لە شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا و بەهۆیەوە 12 کەس برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار