وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناوبرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد."
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە."
وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین."
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن.
هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە."
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.
جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."
