جیهان چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئیرانى وێرانکردوە، جیهان چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە بەرانبەر ئەو هێرشانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا فڕۆکەی B-2ی بۆمبهاوێژی بۆ بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران بەکارهێنا و بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەنێوبراون.
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو ئێستا چاوەکان لەسەر وەڵامى ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە، ئایا دەست بەتۆڵەسەندنەوە دەکات لە خودی ئەمریکا - یان بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا یان هەوڵدەدات بۆ داخستنى گەروى هورمز.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" بەهۆی دەستوەردانەکەی لە جەنگەکەدا شانبەشانی ئیسرائیل.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکانی رۆژی 13ی حوزەیران، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی نەهێشت، لە کاتێکدا ئەمریکاش بە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە هەمان کاری بەرامبەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزە ئەورووپییەکان کرد.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو هێرشە بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە، بەڵام هۆشداریشی دا "ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، دەبێتە گەورەترین هەڵە کە کردبێتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، واشنتن ئامانجی لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران نییە، "هێشتا ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ئێران."
سوپای پاسدارانی ئێران یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی نوێی سوپاکەی لەنێو ژووری ئۆپەراسیۆنی جەنگەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راناگیرێن.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمان - بۆشایی سوپا راناوەستێت و ئارامی لە زایۆنییەکان هەڵگرتووە."
هەروەها ئەو فەرماندەیە جەختی لەسەر "یەکڕیزیی گەل" کردەوە و گوتی، "هەرچەندە کات تێبپەڕێت، یەکڕیزیی گەل زیاتر دەبێت و ئەمە بەخششێکی خوداییە."
پاکپوور ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکانی بەسیج ئامادە دەکرێن."
ئەم لێدوانە دوای زنجیرەیەک رووداوی گەرمی چەند رۆژی رابردوو دێت، کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەستیپێکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆیش ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە و بۆردوومانی ئەو سێ بنکە ئەتۆمییەی کرد.
