سوپای ئیسرائیل: بە درۆن 15 فڕۆكەو هێلیكۆپتەری ئێرانمان تێكشكاند

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت هێزی ئاسمانیمان توانای فڕینی فڕۆكەی لە 6 فڕۆكەخانەی ئێرانمان لە ناوەڕاست و رۆژهەڵات و رۆژئاوا پەكخستووەو توانای كاركردنی هێزی ئاسمانی ئێرانیش لەو فڕۆكەخانانە ئیفلیج كراون.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند پێگەیەكی ئاڕاستەكردن و ئەمباركردنی موشەكمان لەناوچەی كرماشان وێران كردووە.
باس لەوەش کراوە کە ئەو فڕۆکانەی تێکشکێنراون بۆ بەکارهێنان لە دژی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا بووە.
لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.
ئیفی دێفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران بە هەماهەنگیی بووە لەگەڵ ئیسرائیل.
گوتوشیەتی، هێشتا لێکۆڵینەوەی لە قەبارەی زیانەکانی وێستگەی فۆردۆ دەکەین.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە شەڕو ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێدەنێتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، تاران هەڕەشەی لە واشنتۆن کرد بە "دەرئەنجامە توندەکان" لە کاردانەوە بە هێرشە بێ وێنەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان لە ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕینی ڕژێمی ئێران لە ئێران کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئێرانییەکان وتی: ئێران جارێکی دیکە گەورەو بەهێز بکەنەوە.
هاوکات، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.
رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستپێبکات.
