مەسرور بارزانی: هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستوری خۆمان نابین

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كادیری پارتی؛ هاوكات لەگەڵ دانوستانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد لەبارەی نەوت و موچەوە قسەیکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

مەسرور بارزانى وتی: هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی دا، لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: کێشەی ئێمە لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەوەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری  و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت .

جەختیشی کردەوە، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت.

 ئاماژەشی بەوە دا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە، خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار